بۆ یەکەمجار داهاتی ساڵانەی ئەلفابێت 400 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
کۆمپانیای ئەلفابێت، خاوەنی کۆمپانیای گوگڵ، ریکۆردێکی نوێی لە داهاتدا تۆمار کرد و رایگەیاند، بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە کێبڕکێی ژیریی دەستکرد، خەرجییەکانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تەکنەلۆژیی لەمساڵدا بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.
کۆمپانیای ئەلفابێت دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند "پێشبینی دەکەن قەبارەی خەرجییەکان لە ئەمساڵدا بگاتە نێوان 175 بۆ 185 ملیار دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2025دا تەنیا کەمێک زیاتر لە 90 ملیار دۆلار بووە."
بڕیارە بەشە هەرە زۆرەکەی ئەم پارەیە بۆ دروستکردنی سەنتەری داتا و ژێرخانی پێویست بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد تەرخان بکرێت.
پێشبینی دەکرێت ئەلفابێت و رکابەرە سەرەکییەکانی لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا، بە تێکڕا زیاتر لە 500 ملیار دۆلار لە بواری ژیریی دەستکرددا خەرج بکەن. هەفتەی رابردووش کۆمپانیای "میتا" قەبارەی وەبەرهێنانەکانی لەم بوارەدا بە رێژەی 73% زیاد کرد. هاوکات، مایکرۆسۆفتیش ئاماژەی بە خەرجییەکی پێوانەیی کردووە.
ئەم زیادکردنە بەرچاوەی خەرجییەکان لە کاتێکدایە، نیگەرانیی وەبەرهێنەران لەبارەی سوودی ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحانە لە ژیریی دەستکرد، روو لە زیادبوونە؛ بەڵام گوگڵ توانیویەتی پێشکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و بەهای پشکەکانی لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 76% بەرزبووەتەوە.
سوندەر پێچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەلفابێت رایگەیاند "وەبەرهێنانەکانمان لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا، دەبنە هۆی زیادبوونی داهات و گەشەکردن لە هەموو سێکتەرەکاندا."
بەرپرسانی کۆمپانیاکە، ئاماژەیان بەوە کردووە، وەبەرهێنان لە سێرڤەر، سەنتەری داتا و ئامێرەکانی تۆڕی ئینتەرنێت، بەشێکی سەرەکین لە پلانی کۆمپانیاکە کە ئامانجییەتی سەرمایەکەی بگەیەنێتە 175 تا 185 ملیار دۆلار، ئەمەش زۆر زیاترە لەو 115 ملیار و 26 ملیۆن دۆلارەی کە شارەزایانی ئابووری پێشبینییان دەکرد.
لە لایەکی دیکەوە، داهاتی خزمەتگوزاریی (Google Cloud) لە چارەگی چوارەمی ساڵدا گەشەیەکی سەرسوڕهێنەری بەخۆیەوە بینیوە و بە رێژەی 48% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 17 ملیار و حەوت ملیۆن دۆلار.
هەروەها خستنەبازاڕی مۆدێلی "Gemini 3" لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، پێگەی گوگڵی لە کێبڕکێی ژیریی دەستکرددا بەهێزتر کردووە. کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆی داهاتیان لەو چارەکەدا گەیشتووەتە 113 ملیار و 83 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە پێشبینییەکانی پێشوو کە 111 ملیار و 43 ملیۆن دۆلار بوو، سەرکەوتنێکی گەورەیە.