دوای سێ ساڵ لە بوومەلەرزەکەی تورکیا؛ لە سەمسوور کات هێشتا 4:17ـی بەرەبەیانە
سێ ساڵ بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و باکووری کوردستاندا تێپەڕی. پارێزگای سەمسوور یەکێک بوو لەو 11 پارێزگایەی زۆرترین زیانی کارەساتەکەی بەرکەوت؛ بەشێوەیەک 8 هەزار و 387 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە 30 هەزار باڵەخانە رووخان.
یەکێک لە سیمبوڵەکانی ئەو رۆژە، تاوەری کاتژمێری گۆڕەپانەکەی ناوەڕاستی شاری سەمسوورە. کاتژمێرەکە رێک لەسەر کاتی روودانی بوومەلەرزەکە، واتە 4:17 خولەکی بەرەبەیان وەستاوە و خەڵکی شارەکە بە بینینی، ئەو ساتە ناخۆشانەیان بیر دەکەوێتەوە.
دانیشتووێکی سەمسوور دەڵێت "تاوەرەکە بوومەلەرزەکەمان بیردەخاتەوە، ئەو کارەساتانەمان وەبیردەخاتەوە کە لەکاتی بوومەلەرزەکەدا تووشی بووین. کاتژمێرەکە وەکو خۆی ماوە، کات لێرە وەستاوە."
گەنجێکی دیکەی سەمسوور دەڵێت "6ـی شوبات بۆ ئێمە رۆژێکی زۆر خەمناکە، هەزاران کەسمان لەدەستدا، هەزاران کەس ئازارێکی زۆریان چەشت. لەوانەیە تەنیا چەند چرکەیەک بووبێت، بەڵام بە دەیان ساڵی دیکەش ئەنجامەکەی لەیاد ناکرێت."
تاوەری کاتژمێرەکە ئێستا وەک ناسنامە و سیمبوڵی سەمسووری لێهاتووە و خەڵک هەر کاتێک لێی نزیک دەبنەوە، کارەساتەکەیان دێتەوە یاد.
هاووڵاتییەکی دیکەش لەبارەی تاوەرەکەوە گوتی: ئێرە وەک سیمبوڵی سەمسوور وایە، هەر کاتێک لێرە تێپەڕم، بوومەلەرزەکانم دێتەوە یاد."
دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ، هێشتا شوێنەواریی وێرانکارییەکان لە سەمسوور دیارن و خەڵکی شارەکەش هەوڵ دەدەن برینە قووڵەکانیان سارێژ بکەن، بەڵام کاتژمێری ناو شارەکە رێگە نادات ئەو بەرەبەیانە رەشە لە یاد بکرێت.
بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023، کە لە پارێزگای مەرەشی دا و کاریگەری بەسەر 11 پارێزگا هەبوو و لە ئەنجامدا 53 هەزار و 537 کەس بوونە قوربانی بوومەلەرزەکە و 107 هەزار و 204 کەسیش برینداربوون و 297 کەس لەژێر داروپەردوو مان و 518 هەزار باڵەخانە رووخاون و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.