زانیاریی نوێ لەبارەی رووداوی خنکانی دوو منداڵەکەی حاجیاوە

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، دوو منداڵی دووانە لە حاجیاوە بە دووکەڵ گیانیان لەدەستدا و باوکی منداڵەکان چۆنیەتی رووداوەکە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە.

مەریوان، باوکی منداڵەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد "کاتژمێر 5:00ـی بەیانی لە خەو هەڵسام بۆ ئەوەی بچم بۆ سەر کار، بینیم ژووری منداڵەکانم گڕی گرتووە و پڕ بووە لە دووکەڵ."

بە گوتەی باوکی منداڵەکان، هۆکاری ئاگرەکە هیتەرێکی کارەبایی بووە کە بووەتە هۆی گڕگرتنی فەرشی ژوورەکە. سێ منداڵ لەو ژوورەدا خەوتبوون، بەڵام بەهۆی زۆریی دووکەڵ و ئاگرەکەوە، میر و مەیلی کە دووانە و تەمەن 6 ساڵ بوون، گیانیان لەدەستدا. مەریوان دەڵێت: "بە دوو بەتانی هەوڵمدا لەناو ئاگرەکە بیانپارێزم و بیانبەرمە دەرەوە. بە پەلە گەیاندماننە نەخۆشخانە، بەڵام پێش گەیشتنمان گیانیان لەدەستدابوو."

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵە دووانەکە کوڕێک و کچێک بوونە و یەکێکیان کێشەی تەندروستی (شەلەل دەماغ)ی هەبووە. منداڵی سێیەم کە لەگەڵیاندا لە هەمان ژووردا بووە، سەلامەتە.