هەولێر؛ کورتەفیلمی 'کەزی' بەرهەم هێنرا
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانیدا، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەشی سینەما و شانۆ، کورتەفیلمی 'کەزی' لە دەرهێنانی دلێر کافرۆشی، بەرهەم هێنا.
شەممە، 7ـی شوباتی 2026، دلێر کافرۆشی، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە، دەربارەی بەرهەمێنانی کارە نوێیەکەی، بە کوردستان24ی گوت: کورتەفیلمی 'کەزی' لە دەرهێنانی خۆمە و دانا محەممەد بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، پشتیوان ئەکرەم کاری مەیکئەپ ئارتێستی بۆ کارەکە کردووە. هەر یەکە لە سەنگەر خورشید و ئەمین و دیە محەممەد و ئەستێرە مەسعود و محەممەد ئەردەلان، رۆڵی تێدا دەگێرن.
کافرۆشی گوتیشی: ئەم کورتەفیلمە، چیرۆکی دوو سەردەمی جیاوازی رۆژئاوای کوردستان دەگێڕێتەوە، ئەو کاتەی کورد باوەشی بۆ ئاوارەکانی سووریا کردەوە و میوانداریانی کردن و سەردەمی ئێستا، کە هەمان ئەو کەسانە لەژێر ناوی حکوومەتی نوێدا دەستدرێژی دەکەنە سەر خاک و مافی کوردان.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا "فیلمەکە لە رێگەی چیرۆکی ناپاکیی پیاوێک و بەرخودانی کچە کوردێکەوە، وێنای وەفای کورد و هێزی ئافرەت دەکات کە چۆن پارێزگاری لە کەرامەتی خاک دەکەن."