بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مەسیحییەکان: بۆ جەژن، تەنیا نوێژ لە کەنیسە دەکرێت
"بەهۆی کۆرۆنا ئاهەنگ و گردبوونەوە لە کەنیسەکان ناکرێت"

K24 - هەولێر
بەهۆی کۆرۆنا، ئەمساڵ رێگە بە کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان لە گۆڕەپان یان هۆڵی کەنیسەکان نادرێت لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەسیحیان لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-12-2020) رایگەیاند "بەمەبەستی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ ئەمساڵی جەژن، تەنھا مەراسیمی نوێژی جەژن لە کەنیسە ئەنجام دەدرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە "جیا لەمە؛ ھیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوە، یان ئاھەنگ لە گۆڕەپان یان ھۆڵی بۆنەکانی کەنیسە ئەنجام نادرێت (بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح)".
راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 سەبارەت بە ئازادیی ئایین لە وەسفی عێراقدا رایگەیاندبوو "عێراق لە مەترسیدایە، کەمینە مەسیحییەکانی لەدەستبدات... لە هەرێمی کوردستان ئازادیی ئایین زیاترە و زۆربەی کەمینەکان پێیان باشترە لەو ناوچانە بژین، کە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن نەوەک بەغدا".
بەگشتی پێش شەڕی داعش، مەزەندە دەکرا نیو ملیۆن مەسیحی لە عێراق بژین، بەڵام بەرپرسانی مەسیحی باس لەوە دەکەن ئێستا لەنێوان 200 هەزار بۆ 250 هەزار مەسیحی لە عێراق مابن، ئەوانەی دیکە زۆربەیان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە.
سەبارەت بە بۆنەکانی سەری ساڵیش، ھێمن قادر، پارێزگاری ھەولێر بە وەكالەت دوێنێ بە كوردستان24ی راگەیاندبوو "لە چەند رۆژی داھاتوودا كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پارێزگای ھەولێر دەكرێت و تاوتوێی رێكارەكان دەكەین بۆ سەری ساڵ... حكومەت بۆ سەری ساڵ ھیچ بەرنامەیەكی بۆ رێوڕەسم و ئاھەنگگێڕان نییە، هەروەها لە كافتریا و شوێنە گشتییەكانیش رێگە بە كۆبوونەوەی فراوان نادرێت".
هـ.ر.