وردەکاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشکرا کرا
پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر مووچەخۆرانی گرێبەست و بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، رێککارە کردارییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەستی پێکرد، بڕیارە لە 16ـی ئەم مانگە سمینارێک بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، چاوەڕێ دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە وردبینیکردنی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت، بۆ ئەوەی دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و بە فەرمی زەوییان پێ بدرێت.
مەرجەکانی وەرگرتن
بەپێی رێنماییەکان، پێویستە ئەو مووچەخۆرە گرێبەستانەی سوودمەند دەبن لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، خزمەتی هەشت ساڵی گرێبەستییان هەبێت و پێشتر لە هیچ شوێنێک زەوییان وەرنەگرتبێت، هەروەها، مەرجە لە دوو هاوسەریشدا تەنیا یەکێکیان مافی وەرگرتنی زەوییەکەی هەبێت.
هەژمارکردنی خزمەت
سەبارەت بە هەژمارکردنی ماوەی خزمەت، روون کراوەتەوە کە ئەوەی پێشتریش خزمەتی کردووە، بۆ نموونە وەکو وانەبێژ، ئەوەی بۆ حیساب ناکرێت، بەڵکو تەنیا ئەو ماوەیەی کە بە گرێبەست دامەزراون وەک خزمەت بۆیان هەژمار دەکرێت.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، یەکێکە لە دەسپێشخەرییە گرنگەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و باشترکردنی گوزەرانی مووچەخۆران دەرکراوە.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ڕابردووەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە قۆناغی جیاواز جێبەجێ کراوە، کە تێیدا هەزاران فەرمانبەر بوونەتە خاوەنی زەوی، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی خانووبەرە و سەقامگیریی دارایی خێزانەکان دروست کردووە.