ئەڵمانیا، پێشانگەی شێوەکاریی هونەرمەندێکی کورد کرایەوە
هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، پێشانگەیەکی شێوەکاری بە ناونیشانی 'کەزیی رۆژئاوا' لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کردەوە.
یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی و بەخشینی داهاتەکەی بە ڕۆژئاوا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "50 تابلۆی خۆم لە پێشانگەیەدا نمایش کرد و نزیکەی 19 تابلۆ فرۆشرا، ئەو پارەیەش بۆ ڕۆژئاوا دەنێرین. زۆربەی تابلۆکانیشم ئۆرجیناڵ بوون، بەشێکی کەمیان بە پرێنت چاپمان کردبوو کە نرخەکەشی هەرزان بوو، بۆ ئەوەی هەموو کەس توانای کڕینیانی هەبێت."
لوقمان ئەحمەد گوتیشی: لە پێشانگەکەدا، د. ئازار حەمۆتۆ، چیرۆکنووس، میوانی پێشانگەکەم بوو، بە کوردی و ئەڵمانی باسێکی کارەکانم و پێشانگەکەمی کرد. هەروەها هونەرمەندی گۆرانیبێژ، بڵند ئیبراهیم، لە پێشانگەکەم ئامادە بوو و سێ گۆرانی پێشکەش کرد، سێ میوزیکژەنی هاوڕێم لە پۆلۆنیاوە هاتبوون بۆ پێشانگەکەم، خەڵک بەو مۆسیقا و گۆرانییانە زۆر دڵخۆش بوون و نزیکەی سێ هەزار و 500 دۆلار بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان کۆ کرایەوە.
لوقمان ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا "لە پێشانگەکەدا ئێش و ئازارەکانی کوردانی رۆژئاوام نیشان دا؛ تابلۆکانم باس لەو ئازارە دەکەن کە ئێستا رووبەڕووی کوردانی رۆژئاوا بووەتەوە."
ئەو هونەرمەندە گوتیشی: تابلۆکانم وەکو بەڵگەیەک پیشان دەدەم کە کورد ئیستا لە چ بار و دۆخێکدایە، کەزی دەبڕن، ئەوەتا بینیمان ئافرەتانی کورد هەزاران کەزییان هۆنییەوە. لە زێدی خۆمان دەرمان دەکەن، دڵنیابن ناتوانن و پێیان ناکرێت. من دەمەوێ لە رێگەی تابلۆکانمەوە ئەوە نیشان بدەم کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەسەر ئێمەی کورددا زاڵ بێت، چونکە ئێمە توانا و ئیرادەمان زۆر بەهێزە.