خالید مەشعەل: حەماس داماڵینی چەک و حوکمی بیانی لە غەززە رەتدەکاتەوە

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە، هەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەکەی لەبارەی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست راگەیاند و جەختی کردەوە، بە چەند مەرجێکی ناو رێککەوتنەکە رازی نین، بەتایبەت پرسی داماڵینی چەک و شێوازی حوکمڕانی داهاتووی غەززە.

یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە، رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری چەک نابێت، گوتیشی، حەماس بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆی کردووە و تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام نەداوە، بۆیە داماڵینی حەماس لە چەک قبووڵنەکراوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، تاوەکو داگیرکاری مابێت بەرگریش بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمە مافێکی رەوای گەلانە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و شەریعەتە ئاسمانییەکان گەرەنتییان کردووە.

سەبارەت بە پلانی نوێی ئاگربەست کە بە سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاشتی بەڕێوەدەچێت، مەشعەل داوای شێوازێکی مۆدێرن و هاوسەنگی کردووە کە ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هاوکاری بۆ 2.2 ملیۆن هاووڵاتی دابین بکات، بەڵام هۆشداریی دا لە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی حوکمی بیانی و دەڵێت: غەززە بۆ خەڵکی غەززەیە و فەلەستین بۆ فەلەستینییەکان، ئێمە گەڕانەوەی سیستەمی ئینتیداب و حوکمی بیانی رەتدەکەینەوە.

ئەم لێدوانانەی مەشعەل لە کاتێکدایە، قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێکردبوو لە 26ـی کانوونی دووەمی 2026 و دوای دۆزینەوەی تەرمی کۆتا بارمتەی ئیسرائیلی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

بڕگەکانی ئەم قۆناغەی رێککەوتن بریتین لە:
1. داماڵینی تەواوەتی حەماس لە چەک. 
2.  کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
3. جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایش و مەشقپێکردنی پۆلیسی فەلەستینی.

ئەم قسانەی خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە، لە کاتێکدایە، واشنتن و تەلئەڤیڤ جەخت لەسەر بێچەککردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەکەنەوە.

لە بەرانبەردا، حەماس ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا کاتێک چەکەکانی رادەست دەکات کە دەسەڵاتێکی نیشتمانیی فەلەستینی پێکبهێنرێت و حکوومی تەواوی فەڵەستین بەگشتی و کەرتی غەززە بە تایبەتی بکات.

 بەگوێرەی ئامارە سەربازییەکانی ئیسرائیل، حەماس هێشتا خاوەنی نزیکەی 20 هەزار چەکدار و 60 هەزار پارچە چەکی جۆراوجۆرە لە ناو کەرتی غەززەدا، ئەمەش وایکردووە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە رووبەڕووی ئاستەنگی جددی ببێتەوە.