کاروانێکی دیکەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە گواسترانەوە عێراق

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ کوردستان24 نێردراوە رایگەیاندووە، بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی داعشیان لە شاری حەسەکەی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق گواستەوە.

لە راگەیەندراوەکەی روانگەی سووری دا هاتووە، پرۆسەی گواستنەوەکە بە پێنج پاس ئەنجامدراوە و لەژێر رێوشوێنی ئەمنیی زۆر تونددا بەڕێوەچووە، کاروانی پاسەکان لەلایەن ژمارەیەک زرێپۆشی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پارێزگارییان لێکراوە و لە هەمان کاتدا فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە بۆ پاراستنی ڕێگای کاروانەکە.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەماهەنگییەکانی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەکدارانی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، دوێنێ شەممە، حەوت پاسی دیکە کە چەکدارانی داعشیان هەڵگرتبوو، بە یاوەریی زرێپۆشی ئەمریکی لە شاری قامشلۆوە بەرەو سنووری عێراق بەڕێکەوتبوون.

تاکو ئێستا ژمارەی تەواوی چەکدارە گواستراوەکان و شوێنی نیشتەجێکردنیان لەناو خاکی عێراق ئاشکرا نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانی دەکرێت وردەکاریی زیاتر لەبارەی چارەنووسیان و رێکارە ئەمنییەکان لە داهاتوودا بخرێتەڕوو.