عراقچی: متمانەمان بە ئەمریکا نییە، بەڵام دانوستان بەردەوامە
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ متمانەیەکی بە ئەمریکا نییە، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان. هاوکات داوای لە لایەنەکانی ناوخۆی ئێران کرد دەست لە کاروباری دانوستانەکان وەرنەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، عەباس عراقچی لە میانی پانێڵێکدا لە "کۆنگرەی نیشتمانیی ناوەندی لێکۆڵینەوە و سیاسەتی نێودەوڵەتی" لە تاران، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دوا.
عراقچی گوتى: "ئەمریکا هەموو کارێکی کرد، سەرکەوتوو نەبوو و ناچاربوو بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان."
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی، 6ی شوبات، لە مەسقەت دەستیان پێکردەوە. ئەمە یەکەم دیداری دیپلۆماسیی ئاستبەرزی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی 2025. شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بەشداربوون.
عراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گوتى: "ئێستا دڵنیا نین لەوەی دانوستان سەر دەگرێت یان نا، چونکە هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکا نییە. بۆیە هەموو ئەگەرێکی فێڵ و فریودان لەبەرچاو دەگرین." ئەو جەختی کردەوە، لە هەموو گفتوگۆکاندا ئاماژەی بەوە کردووە رەنگە هەوڵەکان بۆ فریودان بن و پێویستە هۆشیار بن.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رووی لە لایەنە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "پێویستە حکوومەت و هەموو لایەنەکانی دیکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و کاریان بە ئێمەوە نەبێت. ئێمە دانوستان دەکەین و ئەرکی خۆمان بەجێدەگەیەنین، جا بە ئەنجام بگەین یان نەگەین."
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دانوستانەکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمییە و ئێران ئامادە نییە لەسەر پرسی مووشەکە بالیستییەکانی و پشتیوانییەکانی لە ناوچەکە گفتوگۆ بکات. لەبەرامبەردا، ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت ئەو پرسانەش لەخۆبگرێت.
سەرەڕای ئەم ناکۆکیانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گفتوگۆکانی بە "زۆر باش" وەسف کردووە و رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەچێت.