رووسیا کۆنترۆڵکردنی دوو شارۆچکەی نوێ و کوژرانی زیاتر لە 1100 سەربازی ئۆکرانی رادەگەیەنێت
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی سوپا پێشڕەوی نوێیان لە بەرەکانی جەنگدا کردووە و دوو شارۆچکەی ستراتیژیان لە پارێزگاکانی سومی و خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە.
یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە راپۆرتی رۆژانەی بڵاوکردووەتەوە، هێزەکانی گرووپی باکوور توانیویانە دەست بەسەر شارۆچکەی سیدۆرۆڤکادا بگرن لە پارێزگای سومی، هاوکات هێزەکانی گرووپی رۆژئاوا شارۆچکەی گلوشکۆڤکایان لە پارێزگای خارکیڤ بەتەواوی کۆنترۆڵکردووە.
وەزارەتەکە ئاماری زیانەکانی سوپای ئۆکرانیای لە 24 کاتژمێری رابردوودا ئاشكراکردووە، گوایە 1105 سەربازی ئۆکرانی کوژراون.
دابەشبوونی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئۆکرانیای بەمشێوەیە دابەشکردووە:
ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکوور 600 سەرباز.
ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوا 355 سەرباز.
ناوچەکانی باشوور و دنیپەر 150 سەرباز.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە هێزە رووسییەکان هێرشی وردیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وزە، سووتەمەنی و ژێرخانی گواستنەوەی سوپای ئۆکرانیا، هەروەها بنکەی جێگیربوونی کاتیی سەربازانی ئۆکرانیا و بەکرێگیراوە بیانییەکان لە 145 ناوچەی جیاوازدا کراونەتە ئامانج و پێکراون.
سەبارەت بە چالاکییە ئاسمانییەکان، بەرگریی ئاسمانی رووسیا رایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا توانیویانە 27 مووشەکی هایمارس و سێ مووشەکی دوورمەودای نیپتۆن تێکبشکێنن، لەگەڵ خستنەخوارەوەی 42 درۆنی ئۆکرانیا.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا چەندین هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگ دراوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە، ئێستاش ئیمارات نێوەندگیری گەڕێکی نوێی دانوستان دەکات و دوا گەڕی دانوستانی سێقۆڵی لە نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لە ئەبوزەبی بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوارساڵەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نەهاتووەتە دی، کۆتا گەڕی دانوستانیش شەممەی رابردوو بوو.