فڕۆکەخانەی قامشلۆ دەچێتە نێو دەسەڵاتی فرۆکەوانی دیمەشق

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ
فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ

بە مەبەستی بەکارخستنەوە و گواستنەوەی سەرپەرشتیاریی فڕۆکەوانی، شاندێکی حکوومەتی سووریا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی کاتی کاراکردنەوەی تەواوەتیی گەشتە ئاسمانییەکان لەو فڕۆکەخانەیە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندێکی حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە ناو فڕۆکەخانەی قامشلۆ، شاندەکە لەلایەن مەروان عەلی، بەرپرسی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئامادەکاری بۆ بەگەڕخستنەوەی فڕۆکەخانەکە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە، فڕۆکەخانەی قامشلۆ بە فەرمی بخرێتەوە ژێر رکێفی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی دیمەشق، شاندە تەکنیکی و ئەمنییەکە ئێستا کار لەسەر دابینکردنی پێداویستییە کارگێڕی و هونەرییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا فڕۆکەخانەکە بە رووی گەشتەکاندا بکرێتەوە و چالاکییەکان وەک جاران دەستپێبکەنەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ یەکێکە لە گرنگترین دەروازە ئاسمانییەکانی باکووری سووریا، لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ساڵی 2011، چالاکییە مەدەنییەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەوە و تەنیا بۆ مەبەستی گواستنەوەی سەربازی و هەندێک گەشتی سنووردار بەکاردەهات، گەڕاندنەوەی فڕۆکەخانەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی دیمەشق، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاساییکردنەوەی جموجۆڵە بازرگانی و مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا دەبینرێت و کار ئاسانییەکی زۆریش بۆ هاووڵاتییانی پارێزگای حەسەکە و دەوروبەری دەکات.