لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر کۆنسێرتی "مامۆستا و قوتابی" بەڕێوەچوو

لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، کۆنسێرتی "مامۆستا و قوتابی" لەلایەن مامۆستا دڵدار وریا ئەحمەد و چوار قوتابی بە ئامێرەکانی ساز و کلارنێت و گیتار، بەڕێوەچوو.

سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، دڵدار وریا ئەحمەد، میووزیکژەن و سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە، بە کوردستان24ی راگەیاند: کۆنسێرتەکە پێکهاتووە لە شەش ماددە، چوار ماددەیان ئامێری پیانۆیە، چوار قوتابی بەشدارن، دوو کچ و دوو کوڕ، ئەوەی تریان خۆم بەشدارم لەگەڵ دوو قوتابی بە ئامێری ساز و کلارتێت و گیتار، ئەو دوو ماددەیەی کە خۆم دەیژەنم دوو سۆڵۆی گۆرانییە، واتە چوار ماددەیان پیانۆیە و دوو ماددەیان سۆڵۆی دەنگە.

دڵدار وریا گوتیشی: چونکە ئێمە لە کوردستان دەژین، پێویستە تێکەڵکێشانێک هەبێت لەنێوان هونەری رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی، هونەری رۆژئاوایی راستە خەڵک گوێی لێ دەگرن و راهاتوون لەگەڵی، بەڵام گرنگە لەگەڵ ئەوەشدا هونەری خۆمان لەبیر نەکەین.

ئەو میوزیکژەنە ئاماژەی بەوەش دا: ئەو چوار قوتابییەی بەشدارن لەو کۆنسێرتە، هەر چواریان قوتابی من بوون، من بەردەوام لە ژیانم دا بیرۆکەی ئەوەم هەیە، کە ئەو قوتابیانەی کە من وانەم پێ گوتوون، دەربکەون، بۆیە ئەوەی هەست بکەن کە ئاستیان بەرزە و دەتوانن شتی زۆر گەورە پێشکەش بکەن و بەشداری کۆنسێرت بکەن و ببنە میوزیسیانی زۆرباش لە دواڕۆژدا.

هەروەها پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەردەوام چالاکی هەیە لەبوارەکانی میوزیک و شانۆ و شێوەکاری، کە ساڵانە فێستیڤاڵ ئەنجام دەدەن.