سوپای سووریا لە دەوروبەری حەسەکە دەکشێتەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هێزەکانیان پرۆسەی کشانەوەیان لە دەوروبەری شاری حەسەکە دەست پێکردووە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو ناوچانە جێگیر کراون.

سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، وردەکاریی نوێترین پێشهاتە مەیدانییەکانی دەوروبەری شاری حەسەکەی خستە روو.

بە پێی راگەیەندراوەکە، سوپای سووریا بە شێوەیەکی فەرمی دەستی کردووە بە کشانەوە لە خاڵەکانی دەوروبەری شاری حەسەکە. ئەم جووڵە سەربازییە وەک پابەندبوونێکە بەو رێککەوتنەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان دیمەشق و هەسەدە واژۆ کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی کشانەوەی یەکە سەربازییەکانی سوپا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو ناوچانەدا بڵاوەیان پێ کراوە و ئەرکی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی دۆخی ئەمنیی ناوچە چۆڵکراوەکانیان گرتووەتە ئەستۆ.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "هەسەدە" پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە نیشان داوە و کۆمەڵێک هەنگاوی ئەرێنیی بەم ئاڕاستەیەدا ناوە، کە دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامە لە پرۆسەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی، ئەمەش بە مەبەستی دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکاندا.