سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو
سەرۆکی کۆڵۆمبیا ئاشکرای کرد، کە لە پیلانێکی داڕێژراو بۆ کوشتنی رزگاری بووە، ئەم راگەیاندنە دوای چەند مانگێک لە هۆشداریی دەزگا ئەمنییەکان دێت کە ئاماژەیان بە پیلانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کردبوو بۆ تیرۆرکردنی ئەو سەرۆکە.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە گوتارێکدا لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وردەکاری رووداوەکەی خستە ڕوو و رایگەیاند، شەوی دووشەممە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بوونی مەترسی تەقەکردن، هەلیکۆپتەرەکەی نەیتوانیوە لە کەناراوەکانی کاریبی بنیشێتەوە.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتی: "بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ئاسمانی دەریادا ماینەوە و ناچار بووین رێڕەوی گەشتەکەمان بگۆڕین بۆ شوێنێکی دیکە کە پێشتر پلانی بۆ دانەنرابوو، ئەوەش تەنیا بۆ پاراستنی گیانمان و رزگاربوون بووە لەو پیلانەی بۆ کوشتنم داڕێژرابوو."
ئەم پێشهاتە مەترسیدارە لە کاتێکدایە، کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆڵۆمبیا و ئەمریکا گرژی تێکەوتووە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی لەو وڵاتەدا کردبوو، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا روویدا. پۆلیسی کۆڵۆمبیاش لێکۆڵینەوەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە پشت پیلانەکەوە بوون دەستپێکردووە.