ئیسرائیل بە فەرمی بانگهێشتی ترەمپ دەکات

(وێنەی خەڵاتی ئیسرائیل)
(وێنەی خەڵاتی ئیسرائیل)

یۆئاڤ کیش، وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی شکۆداری "خەڵاتی ئیسرائیل" کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو لە شاری قودس بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی، ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی دەگمەن و ناوازە بۆ رێزلێنان لە ترەمپ وەسف کراوە. لە نامەکەدا وێنەیەکی بۆ مایک هاکبی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤ نێردراوە، هاتووە: "ئەم بڕیارە بێ وێنەیە، گوزارشت لە سوپاسگوزاری گەلی ئیسرائیل دەکات بۆ سەرکردایەتییە مێژووییەکەی ترەمپ و کاریگەرییە بەردەوامەکانی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم خەڵاتەدا، پەیکەرێکی تایبەت دیزاین کراوە تا بە شێوەیەکی تایبەت پێشکەش بە ترەمپ بکرێت. تایبەتمەندییەکانی پەیکەرەکە لەلایەن بن درۆری تەمەن 24 ساڵ، کە سەربازێکی یەدەگی سوپای ئیسرائیلە و نزیکەی 600 رۆژ لە بەرەکانی جەنگدا بووە، دیزاین کراوە. هەروەها بنکەی پەیکەرەکە لە بەردی دیواری رۆژئاوا (Western Wall) دروستکراوە هێمای مێژووی کۆن و سەختی گەلی جووە. لەگەڵ ئەستێرەیەکی درەوشاوەی داود (Star of David) لە زێڕ دروستکراوە لە ناو بەردەکە دەردەچێت، وەک هێمایەک بۆ سەرهەڵدانەوە، داهاتوو و سەرکەوتن.

دیزاینەری پەیکەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کارەکەی پەیامێکی قووڵی لەپشتە؛ پەیکەرەکە بە ئەنقەست بە کێشێکی "قورس" دروستکراوە بۆ ئەوەی هەرکەسێک هەڵیبگرێت، هەست بە "قورسایی بەرپرسیارێتی مێژوویی" بکات. هەروەها وەسف کراوە، هاوکارییەکانی ترەمپ بۆ ئیسرائیل شایەنی کێشانیەتی بە زێڕ و بۆ هەمیشە لە مێژوودا دەمێنێتەوە.