دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە بڕیاری پێناسی نوێی گومرگی رەتکردەوە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 114ـی شوباتی 2026، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو تانەیە دا کە دژ بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو، ئەمەش لەکاتێکدایە شارەزایانی ئابووریی هۆشداریی لە دابەزینی بەرچاوی ئاستی بازرگانی دەدەن.
محەممەد خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە کە لەسەر بڕیاری ژمارە 957 تایبەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو. بە گوتەی خەفاجی، دادگا بەهۆی "نەبوونی بەرژەوەندییەکی رەوا" داواکەی قبووڵ نەکردووە، ئەم زانیارییەش لەلایەن سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە بۆ ئاژانسە هەواڵییەکان پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی بازرگانان دێت. لە 8ـی ئەم مانگەدا، بەغدا و چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق شایەتحاڵی مانگرتنێکی گشتیی و داخستنی بازاڕەکان بوون. بازرگانان و خاوەن دوکانەکان دەڵێن، زیادکردنی باجەکان تێچووی هاوردەکردنی بەرزکردووەتەوە و بووەتە هۆی سستبوونی بازاڕ و دروستکردنی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری، ئاماری مەترسیداری لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی سیستەمی "ئاسیکودا" و زیادکردنی باجەکان بووەتە هۆی، کەمبوونەوەی سەدا 50ـی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ جیهان. هەروەها دابەزینی داهاتی گومرگی بە بڕی 71 ملیار دینار تەنیا لە مانگی یەکدا.لەگەڵ دروستکردنی مەترسی بۆ سەر بژێوی زیاتر لە یەک ملیۆن بازرگان و ملیۆنان کرێکار کە لە 350 هەزار دامەزراوەی بازرگانیدا کاردەکەن.
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی بە ڕێژەی جیاواز لە نێوان سەدا 5 بۆ 30 سەپاندووە، نزیکەی 16،400بابەتی گومرگی دەگرێتەوە. لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکاندا، وەزارەتی دارایی ڕێنماییەکی دەرکردووە بۆ کەمکردنەوەی سەدا25 لە تێکڕای بەهای هاوردەکردن لە ناو سیستەمی ئاسیکودا، وەک هەوڵێک بۆ سووککردنی بارگرانییەکە.
ئابووریناسان جەخت دەکەنەوە، پێویستە حکوومەت دانیشتنێکی بەپەلە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان ئەنجام بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کە هاوسەنگی لە نێوان داهاتی دەوڵەت و پاراستنی سەقامگیری بازاڕدا ڕابگرێت.