نووری مالیکی: سەقامگیری ژینگەی وەبەرهێنان دەبوژێنێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، نەخشەڕێگەی بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق دەخاتە روو و رایدەگەیەنێت، بەبێ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، وڵات جێگیر نابێت.
مالیكی لە وەڵامی پرسیاری دەزگاکانی راگەیاندندا ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق قۆناغێکی سەختی لە جەنگ و توندوتیژی بڕیوە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هاووڵاتیان بە کەرامەت و ئارامییەوە بژین، هەروەها چەند مەرجێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دەوڵەت دیاری کرد، کە گرنگترینیان بریتییە لە، یەکڕیزی نێوان لایەنەکان، سەروەری یاسا، و چەکیش لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەسەر پێویستی هەبوونی "سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو" کردەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی تێدا بێت و تەنیا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بێت، بەوەش دەتوانرێت پارێزگاری لە قەوارەی دەوڵەت بکرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، نووری مالیكی پەیوەندی نێوان سەقامگیری و ئابووری روون کردەوە و گوتی: "کە سەقامگیری هەبوو، ژینگەی وەبەرهێنان دەبوژێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و خێراکردنی کارەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سەرانسەری عێراقدا."