سەرەڕای رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە هێشتا گەمارۆی سەر کۆبانی بەردەوامە
شاری کۆبانی بۆ 23یەمین رۆژی لەسەریەک لە ژێر گەمارۆیەکی توندی هێزەکانی حکوومەتی کاتی سووریادایە. سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی پێشوەختە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، دۆخی مرۆیی شارەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەڕەشە لە ژیانی دەیان هەزار هاووڵاتی و ئاوارە دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، لە 18ـی کانوونی دووەمەوە گەمارۆدانی شارەکە دەستی پێکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 29ـی هەمان مانگدا رێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، بەڵام هێزەکانی حکوومەتی کاتی تا ئێستاش رێگری لە چوونە ناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، دەرمانخانەکانی شارەکە بەدەست کەمییەکی توندی دەرمانەوە گرفتارن، بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، جەڵتە و فشاری خوێن. بازگەکان دەست بەسەر ئەو دەرمانانەدا دەگرن کە هەوڵ دەدرێت لە حەلەبەوە رەوانەی شارەکە بکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، تێکچوونی باری تەندروستیی و نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دایکی دوو منداڵ لە لادێکانی رۆژهەڵاتی کۆبانی، دوای ئەوەی بەهۆی گەمارۆوە نەتوانرا لە کاتی پێویستدا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
دوای پچڕانی تەواوەتی کارەبا لە 18ـی مانگەوە، دوێنێ سێشەممە بە هەماهەنگی خاچی سوور، هێڵی کارەبای شارەکە چاککرایەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 2 کاتژمێر کارەبا لە رۆژێکدا دابین دەکرێت. ئەم پچڕانە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر پەمپکردنی ئاو، بەجۆرێک کە زۆرێک لە گەڕەکەکانی شارەکە هێشتا بێ ئاون.
گەمارۆکە بووەتە هۆی پەککەوتنی چالاکیی بازرگانی و بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی کاڵاکان: نرخی یەک کیلۆ تەماتە گەیشتووەتە 40 هەزار لیرەی سووری و نرخی یەک سەری کاهوو 20 هەزار لیرەیە. هەروەها نرخی یەک لیتر ڕۆنی گەرمکەرەوە گەیشتووەتە 5 دۆلاری ئەمریکی 50 هەزار لیرە، ئەمەش لە کاتێکدایە سووتەمەنی لە شارەکەدا نەماوە و تەنیا لە رێگەی قاچاخەوە دەست دەکەوێت.
ژنێکی ئاوارە لە ناو کۆبانی بە روانگەی سووری راگەیاندووە: "مردنمان پێ باشترە لەم ژیانە، تەنانەت چا و شەکر و ئاومان نییە." هاوکات، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوایەکی بەپەلە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی کاتی دەکات، بەرپرسیارێتی ژیانی خەڵکە مەدەنییەکە بگرنە ئەستۆ و دەستبەجێ گەمارۆکە کۆتایی پێ بهێنن.