بەقایی: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا سنووردارە بە دۆسیەی ئەتۆمی

(وێنە؛ ئەرشیف ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران)
(وێنە؛ ئەرشیف ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران)

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێترین هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکان و دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خستەروو.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام جەختی کردەوە، هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تەنیا لە چوارچێوەی "دۆسیەی ئەتۆمی"دا دەبێت و هیچ بابەتێکی دیکە ناگرێتەوە.

گوتیشی: "دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا لەبارەی چەکی ئەتۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەیە."

سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دانی بەوەدا نا، ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پڕۆسەکەدا هەیە و رایگەیاند: "بێمتمانەیەکی مێژوویی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە، ئەمەش وای کردووە هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بە وریاییەوە بنرێن."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، بەقایی ئاماژەی بە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ناو دانوستانە ئەتۆمییەکان کرد و گوتی: "ئێران ئامادەیی هەیە گفتوگۆ لەبارەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان."