ئەردۆغان: تورکیا نایەوێت دیزاین بۆ وڵاتانی دیکە بکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە،11ـی شوباتی 2026، لە گوتارێکیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئاییندەی سووریا و ناوچەکە خستە ڕوو، گوتیشی، تورکیا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات سووریا بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی رابردوو و جەختی لە گرنگیی بەرقەراربوونی ئاشتی کردەوە.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکییان چەسپاندنی ئاشتییە لە تەواوی ناوچەکەدا و گوتی: "هیوادارین ئاشتی و سەقامگیری لە سووریادا بەرقەرار بێت، بە جۆرێک کە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە دوور لە ململانێ، تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتی خەڵکی سووریا بەکاربهێنرێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی ناوخۆی سووریا و رایگەیاند: "زۆر گرنگە کە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

لەکۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی هیچ نیازێکی دەستوەردانی نییە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و گوتی: "تورکیا نایەوێت دیزاین بۆ وڵاتانی دیکە بکات، بەڵکو تەنیا دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا باڵ بکێشێت."