عێراق گۆڕانکاری لە شێوازی فرۆشتنی نەوت دەکات

عێراق، بەنیازە شێوازی فرۆشتنی نەوتەکەی بگۆڕێت و دەیکاتە رێگەیەکی پێشکەوتووتر، ئەگەر چی قازانجی زیاترە، بەڵام مەترسی زۆرە.
نزار شەتڕی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، رایگەیاند؛ پلانیان هەیە شێوازی فرۆشتنی نەوت بگۆڕن، ئێستا لە بەندەرەکان نەوتی عێراق دەفرۆشرێت، بەڵام دەیانەوێت وا بکەن نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکانی وزەدا بفرۆشرێت. 
بۆ ئەو مەبەستە، کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لەسەر هێڵە، دەیەوێت سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کۆمپانیایە وەربگرێت بۆئەوەی نەوتەکەی بگەیەنێتە بازاڕە جیهانییەکان.
ئەگەر ئەو پلانەی کۆمپانیای سۆمۆ سەربگرێت، ئەوا پێدەچێت نرخی نەوتی عێراق بەرزتر بێتەوە و نزیک بێتەوە لەو نرخەی کە بۆ نەوتی برێنت دیاری دەکرێت.
شارەزایان هۆشداریی دەدەن؛ ئاماژە بەوە دەکەن ئەو شێوازەی فرۆشتنی نەوت مەترسیی زۆرە، گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی جیهان و نرخەکاندا ئەگەری هەیە زیانی گەورە بە عێراق بگەیەنن.
عێراق، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەشێوەیەک کە 90%ـی ئەو داهاتەی هەیەتی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت. 
عێراق، رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەگەر بێتو ئەو شێوازەی فرۆشتنی نەوت بگۆڕێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاو زیاتر لە دوو دۆلار لە نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، واتە رۆژانە نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلار زیاتری دەست دەکەوێت، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە.