ئەڤین ئینجیر: دەبێت ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوا چاو لە هەرێمی کوردستان بکات
ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا ئاشکرای دەکات، سبەی بۆ یەکەمجار پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک دەدات کە مەرج بۆ پێدانی هاوکاری بە سووریا دادەنێت و باس لە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی رۆژئاوای کوردستان دەکات. هاوکات بڕیاری پێدانی پارە بەبێ مەرج بە دیمەشق بە ناپاکیی بەرانبەر کورد وەسفکرد، داواش دەکات ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوا چاو لە هەرێمی کوردستان بکات.
ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026 لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەوروپا بە چڕی تەرخان کراون بۆ دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. بڕیارە سبەی بڕیار لەسەر پرۆژەیاسایەکی تایبەت بەو پرسە بدرێت، کە بۆ یەکەمجارە بەم شێوەیە لە پەرلەمانی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە بە توندی رەخنەی لە بڕیاری ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستس، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا گرت، سەبارەت بە تەرخانکردنی 620 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی بێ مەرج بۆ حکوومەتی سووریا.
ئەڤین ئینجیر گوتی: ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، چونکە پارەی باجی خەڵکی ئەوروپایە و ئەم هەنگاوە ناپاکییە بەرانبەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سبەی، ئینجیر ڕوونی کردەوە کە ئەگەر بڕیار لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت، ئەوا مەرج بۆ پێدانی هەر جۆرە هاوکارییەک بە سووریا دادەنرێت. مەرجەکانیش بریتین لە رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی کەمینەکان و داننان بە مافی چارەی خۆنووسین لە ڕۆژئاوای کوردستان. جەختیشی کردەوە، دەبێت سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پابەندی ئەو پڕۆژەیاسایە بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا پێشوازیی لە پێشنیازەکەی لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی کرد بۆ پاراستنی کوردانی سووریا و هیوای خواست دۆناڵد ترەمپ و کۆنگرێسی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر بدەن
هەروەها داوای کرد یەکێتیی ئەوروپا خۆی هەنگاوی جددی بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا بنێت و گوشار بخاتە سەر حکوومەتی دیمەشق بۆ راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی بەرانبەر کورد و پێکهاتەکان ئەنجامی داوە.
ئەڤین ئینجیر ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی یەکێتیی ئەوروپا بە چاوی رێزەوە سەیری کورد دەکەن، چونکە ئەگەر کورد نەبوایە، ئێستا داعش دەگەیشتە ئەوروپا. گوتیشی: قبووڵ ناکەین هیچ سەرکردە و حکوومەتێکی ئەوروپی بەبێ مەرج و بەبێ ئاگاداریی پەرلەمانتاران بچێتە دیمەشق و رێککەوتن بکات.
ئەڤین ئینجیر ستایشی هەڵوێستی یەکگرتووی هەر چوار پارچەی کوردستانی کرد لە دژی حکوومەتی دیمەشق و بەتایبەتی رۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی نموونەیی لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان پیشاندا، بۆیە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستانەوە فێربێت کە چۆن پشتیوانی لەو کەسانە بکات کە ئێمەیان لە تیرۆر پاراست.