ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن رێنمایی بە قۆناخی دووەمی کەشتییە هێرشبەرەکان داوە تا ئامادەکاری بکەن بۆ جێگیربوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی سوپای ئەمریکادایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سێ بەرپرسی ئەمریکی، هێشتا دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کۆتایی بۆ جێگیرکردنی ئەم کەشتییە دەرنەکردووە و ئەگەری گۆڕانکاری لە پلانەکاندا هەیە. لە حاڵەتی رەزامەندیدا، ئەم کەشتییە دەچێتە پاڵ کەشتیی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" کە ئێستا لە ناوچەکە جێگیرە.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری زۆرە کەشتیی "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش" بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکرێت، ئێستا لە کەناراوەکانی ڤێرجینیا خەریکی مەشقکردنە و پێدەچێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەوێت.

ئەم جموجۆڵە سەربازییانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ترەمپ لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی ناوچەکە و دۆخی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان.

شرۆڤەکاران دەڵێن؛ جێگیرکردنی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر لە یەک کاتدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رووداوێکی دەگمەنە و لە ماوەی ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەمەش نیشانەی گرنگیی بارودۆخەکە و ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.