شبل زەیدی و قەیس خەزعەلی وەڵامێکی توندی نووری مالیکی دەدەنەوە
هەردوو سەرۆکی هاوپەیمانی خزمەت ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحق، هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بە نووری مالیکی بۆ ورگەتنی پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند و جەختی کردەوە، رێگە نادەن هیچ کەسێک پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت ئەگەر دژایەتی حەشدی شەعبی بکات.
پێنچشەممە 12ـی شوباتی 2026، شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانی خزمەت، ڕایگەیاند: "ڕێگە نادەین کاندیدی سەرۆکایەتی حکوومەت کەسێکی دژبەر یان تەنانەت بێلایەن بێت بەرامبەر حەشدی شەعبی، بەڵکو دەبێت بە راشکاوی، لە نهێنی و ئاشکرادا، پشتیوانێکی سەرسەختی حەشدی شەعبی بێت."
لەلایەکی دیکەوە، ململانێکان توندتر بوون کاتێک مەکتەبی راگەیاندنی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق، نووسراوێکی بە دەستوخەتی خەزعەلی بڵاوکردەوە، لەو نووسراوەدا خەزعەلی بە زمانێکی توند هێرشی کردووەتە سەر حزبی دەعوە و بە "تولەقا" (ئەوانەی لەسەرەتای ئیسلامدا بە لێبووردن ئازاد کران) وەسفی کردوون، هەروەها جەختی کردووەتەوە، "حەشدی شەعبی تا دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی وەک هێز دەمێنێتەوە."
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە هات، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاماژەی بەوە کردبوو "بنیاتنانی دەوڵەت پێویستی بە چەسپاندنی یاسا و قۆرخکردنی چەک هەیە لە دەستی دەوڵەتدا."
مالیکی بە ناڕاستەوخۆ باسی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەناو سوپادا کردبوو، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش دابوو کە ئەمە تەنها لە رێگەی دەستوورەوە دەکرێت.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم لێدوانانەی مالیکی وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت، چونکە ناوبراو لە ئابی 2025دا بە توندی دژی داماڵینی چەکی حەشدی شەعبی بوو، هاوکات ئەو جۆرە هەوڵانەی بە "نەخشەی ئەمریکی-زایۆنیستی" وەسف دەکرد، بەڵام ئێستا جەخت لەسەر سەروەریی یاسا و سوپایەکی یەکگرتوو دەکاتەوە، ئەمەش نیگەرانیی فەرماندەکانی حەشدی لێکەوتووەتەوە.