رەزاق عوبەیدی: لەگەڵ هیچ کام لە بژاردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا نین
حزبی تەقدووم، رایگەیاند، لەگەڵ مانەوەی مالیکی و درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتەکەی سودانی نین.
پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، رەزاق عوبەیدی، سەرکردە لە حزبی تەقەدووم، لەبارەی دەنگۆیی درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بە کوردستان24ی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پرسێکدا نابن کە پێچەوانەی دەستوور و یاساکانی عێراق بێت بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان نەبێت.
گووتیشی، ئەو بابەتەمان بەفەرمی پێنەگەیشتووە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەڵام وەک زانیاری ئاگاداری ئەو باباتەین و رەتی دەکەینەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی، هەرچەندە تاکوو ئێستا کاندیدەکەی بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، کە نووری مالیکییە، بە گوێرەی هەندێک زانیاری ئێستا دەیەوێت تەمەنی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ماوەی ساڵێك درێژ بکاتەوە.
بەگوتەی رەزاق عوبەیدی، حزبی تەقەدووم لەگەڵ هیچ کام لە بژاردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە و ناچاریش نییە لەگەڵ ئەو دوو بژاردەیەدا بێت.
جەختی لەوەشکردەوە، کاندیدکردنی نووری مالیکی سەرپێچیکردنە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بۆیە باشتروایە چوارچێوەی هەماهەنگی کەسێکی دیکە دیاری بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.