پەرلەمانی ئەوروپا دەرگای پەنابەری بەڕووی چەند وڵاتێکی عەرەبی دادەخات

پەرلەمانی ئەوروپا ڕێکارەکانی پەنابەری توندتر دەکات، هاوکات مەغریب و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبیی خرانە لیستی "وڵاتە ئارامەکان" و دەرگای پەنابەریان بەسەردا داخرا. 

پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، پەرلەمانی ئەوروپا کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری پەسەند کرد.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، وڵاتی مەغریب لەگەڵ تونس، میسر، هیندستان، کۆسۆڤۆ، بەنگلادیش و کۆڵۆمبیا وەک وڵاتی ئارام پۆلێن کران، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کۆچبەران و داخستنی دەرگای پەنابەری بە رووی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەدا دەبینرێت.

بەهۆی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەوە، ئەرکی سەلماندنی مەترسی دەەکەوێتە سەر شانی خودی پەنابەرەکە، لێرە بەدواوە، هەر هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتانە (بەتایبەت مەغریبییەکان) کە داوای پەنابەری دەکەن، دەبێت بە بەڵگەی بەهێز بیسەلمێنن کە لە وڵاتەکەی خۆیان رووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە، ئەمەش هەلی وەرگرتنیان بە رادەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە.

یاسا نوێیەکە رێگە بە یەکێتی ئەوروپا دەدات رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی سێیەم (وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە) واژۆ بکات، بە مەبەستی پشکنین و تاوتوێکردنی داواکارییەکانی پەنابەری لە دەرەوەی خاکی ئەوروپا. 

لەمبارەیەوە، شارەزایانی بواری کۆچ دەڵێن ئەمە "وەرچەرخانێکی گەورەیە" لە سیاسەتی کۆچبەران و ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی پێشوەختەی شەپۆلی کۆچبەرانە.

سەبارەت بە مەغریب، تا ئێستا حکوومەتی ئەو وڵاتە بەهۆی کۆسپە یاسایی و لۆجیستییەکانەوە هیچ پابەندبوونێکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لەو رێککەوتنانە نیشان نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە پرۆسەی رەتکردنەوە و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران خێراتر بکات و کۆچبەرانی مەغریب ناچار بکات پەنا بۆ رێگەی نایاسایی مەترسیدارتر یان کۆچی پەیوەست بە بازاڕی کار ببەن.

ئەم بڕیارەش تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەمەودوا دەگەنە ئەوروپا و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئەو مەغریبییانە نابێت کە ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێن.