فرانس پرێس: زۆربەی خێزانە بیانییەکانی ناو کەمپی هۆل هەڵاتوون
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، زۆربەی خێزانە بیانییەکانی چەکدارانی داعش، لە ناو کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان هەڵاتوون و ئێستا تەنیا 20 خێزانی بیانی لە کەمپەکەدا ماون.
راشیگەیاند؛ ئەو بەشەی کەمپەکە کە تایبەت بوو بە هاووڵاتییانی بیانی، ئێستا چۆڵ بووە. ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا، هێزە کوردییەکان کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکەیان لەئەستۆ بوو، لێی کشانەوە و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا جێگەیان گرتنەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە دەکەن، لە شەممەی رابردووەوە دۆخەکە گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و تەنیا نزیکەی 20 خێزان لەو بەشەدا ماونەتەوە کە پێشتر بە چڕی پاسەوانی دەکرا و سەدان ژن و منداڵی رووسیا، قەفقاز و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستی تێدا نیشتەجێ بوو.
کەمپی هۆل یەکێک بوو لە قەرەباڵغترین کەمپەکان و نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بوو، کە دابەشبوون بەسەر 15 هەزار هاووڵاتی سووری. شەش هەزار و 300 ژن و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاوازەوە.