کیم جۆنگ ئون: سەربازەکانمان لە جەنگی ئۆکرانیادا بێ وێنە بوون
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بە فەرمی ستایشی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی کرد کە لە بەرەکانی جەنگ لەگەڵ هێزەکانی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەشدارن و ئازایەتی ئەوانی بە بێهاوتا وەسف کرد.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA)، کیم جۆنگ ئون لە کاتی پشکنینی شوێنێکی سەربازیدا رایگەیاند: "ئەو بوێری و قارەمانێتییە بێهاوتایەی سەربازانی سوپای گەلی کۆریا کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی وڵاتدا نیشانی دەدەن، دەبێت لە مێژوودا وەک هێمای دەسەڵاتی نەدۆڕاوی وڵاتەکەمان هەڵکۆڵرێت."
ئەم لێدوانانەی کیم دوای ئەوە دێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە پەیامێکدا بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بەڵێنی پشتیوانی بێ مەرجی بۆ هەموو بڕیار و سیاستەکانی مۆسکۆ دوپاتکردەوە، کە نیشانەی گەیشتنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە بە لووتکەیەکی مێژوویی.
هەرچەندە میدیا فەرمییەکانی پیۆنگ یانگ بە راشکاوی ناوی رووسیایان لە راپۆرتەکەدا نەهێناوە، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و وڵاتانی رۆژئاوا جەخت دەکەنەوە کە کۆریای باکوور هەزاران سەربازی بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای رووسیا رەوانەی بەرەکانی جەنگ کردووە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی کۆریای باشوور، تا ئێستا نزیکەی 600 سەربازی کۆریای باکوور لە ئۆکرانیا کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش گەورەترین بەشداریی سەربازی ئەو وڵاتەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لە دوای جەنگی نێوان هەردوو کۆریاوە.
لە بەرامبەر ئەم پشتیوانییە سەربازییەدا، شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن، رووسیا هاوکاریی دارایی گەورە، تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو، و پێداویستی خۆراک و وزە پێشکەشی پیۆنگ یانگ دەکات.
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەخۆوە بینیوە و گەیشتوونەتە ئاستی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی و سەربازیی پتەو.