دیندار زێباری: لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا 65% پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە

لە چوارچێوەی "دووەمین کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر" کە لە ژێر دروشمی "کوردستان بێ ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان" بەڕێوەچوو، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا، گەشەکردن و پێشکەوتنی 65%ـی بەخۆیەوە بینیوە.  

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر چڕتر کراونەتەوە، راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە (هەزار) بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەستگیرکراون و لەلایەن دادگاکانەوە سزادراون. 

دیندار زێباری گوتیشی، هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا، گەشەکردن و پێشکەوتنی 65%ـی بەخۆیەوە بینیوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی حکوومەت گەیشتنە بە "کوردستانێکی بێ ماددەی هۆشبەر"، گوتیشی: "ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بزانین ئاڵەنگارییەکانمان چین و چۆن دەتوانین بە پلانێکی تۆکمەتر رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە کە رووبەڕووی کۆمەڵگەکەمان دەبنەوە".

لە لایەکی دیکەوە، زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵە مرۆیی و تەندروستییەکانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی تووشی ئاڵودەبوون بوون، رایگەیاند، یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان، دانانی بەردی بناغەی سەنتەری شیاندنەوە بووە، کە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند رێکخراوێکی دیکە جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو ئاڵودەبووان وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دوای چارەسەر بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ توندکردنی چاودێریی سەر سنوورەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگەدا بۆ پاراستنی نەوەی نوێ لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.