فڕۆکەوانێکی ئەڵمانی وێنەی سرنجێکی گەورە لە ئاسمانی ئەوروپا دەکێشێ
بە فڕۆکەکەی (200) کیلۆمەتر بە ئاسمانی وڵاتانی ئەوروپادا فڕی و وێنەی سرنجێکی گەورەی كێشا
K24 – ههولێر:
سامی کرامەر، فڕۆکەوانێکی ئەڵمانیە و لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کەمپەینی کوتانی خەڵکی بە ڤاکسینەکە لە ھەر 27 وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە فڕۆکەکەی (200) کیلۆمەتر بە ئاسمانی وڵاتانی ئەوروپادا فڕی و وێنەی سرنجێکی گەورەی كێشا.
ئەو فڕۆکەوانە تهمهنی (20 ساڵ)ـە و دەڵێ: دەبیستم ھێشتا کەسانێک ھەن بەگومانن و نایانەوێت ڤاکسینەکە بەکاربھێنن، لەرێگەی ئەم کارەمەوە ویستوومە خەڵکی ھان بدەم و پێیان بڵێم جارێکی دیکە بیر لە تەندروستی خۆتان و ئازیزانیشتان بکەنەوە.
جیا لەوەش دەکرێ ببێتە کارێکی دڵخۆشکەر بۆ ھەموو ئەو کەسانەی لە بواری ھاتووچۆی ئاسمانیدا کاردەکەن، چونکە زۆرترین زیان بەھۆی پەتاکەوە لە کەرتی فڕۆکەوانی و ھاتووچۆی ئاسمانی کەوت.
(27ی کانوونی یەکەم/ دیسهمبهری 2020) لە ھەر (27) وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کەمپەینی کوتانی (450) ملیۆن کەس دەستیپێکرد.