سورەییا کەریم زادە: هونەر گەورەترین گۆڕەپانی شەڕە و ئێمە دەبێت کارەکتەری خۆمان دیاری بکەین

سورەییا کەریم زادە، خانمە گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و ڕایگەیاند: چەندین کارم لەبەر دەستە، ئەوانیش دووبارەکردنی بەیتێکە بە دانانی مۆسیقا، چونکە بەیت بەبێ مۆسیقا بووە لە کۆندا، کە ئەوە کارێکی زۆری دەوێت، هیوادارم بتوانم لەم ساڵدا بڵاوی بکەمەوە.

سورەییا کەریم زادە، خانمە گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، دەربارەی پەیامی کارە هونەرییەکانی خۆی، بە کوردستان24ی گوت: ئامانجی من لە کاری هونەری دا، گەیاندنی پەیامی خۆمە بە گوێی کۆمەڵگەدا و دەمەوێت ڕۆڵی ژن لە میوزیکی کوردیدا بنوێنم، کە چۆن ژن بە پێی ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە ڕەنگە نەیتوانیبێت بەو جۆرەی کە پێویستە ببیندرێت، بۆیە ئەرکی ژنە گۆرانیبێژەکان زۆر کاریگەری باشی لەسەر کۆمەڵگە و میوزیکی کوردی هەیە

سورەییا کەریم زادە گوتیشی: زیاتر ستایلی من کاری ڕەسەن و فۆلکلۆرە، یەکێک لە تایبەتمەندی ئەو ستایلە ئەوەیە کە ناهێڵێت فۆرمی کوردی بفەوتێ و ئێمەی گۆرانیبێژ دەبێت هەوڵ بدەین نوێگەری تێدا بکەین بەبێ ئەوەی لە ڕەسەنایەتییەکانی کەم بکەینەوە.

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە گرنگی میوزیکی کوردی دەکات و دەڵێت: میوزیکی کوردی بە چەندین بەش دابەش دەکرێت و دەتوانین ناوی ئەو بەشانە بنێین فۆرم، زۆربەی ئەو فۆرمانە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو دیاری کراون، ئێمە فۆرمی حەیرانمان هەیە کە پەیوەندی بە ژیانی ڕەوەندییەوە هەیە یان فۆرمی سیاچەمانەمان هەیە یان چەمەری و هۆرە و زۆر فۆرمی دیکەش، ناسینەوەی ئەوانە زۆر ئاسانە و گوێگر بە بیستنی دەزانێت ئەوانە کوردین، نەک عەرەبی و فارسی و تورکین، واتە ئەوانە هەڵقوڵاوی کولتوور و ژیانی مرۆڤی کوردین نەک مرۆڤی گەلانی تر، کەواتە میوزیکی کوردی هەیە و لە هەندێک فۆرمی مۆسیقایدا بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت، زەحمەتە کەسێک گوێ بگرێت لە هونەرمەندانی وەکوو حەسەن زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان، نەزانی ئەوە ڕۆحێکی کوردانەی هەیە، لە هەندێک شوێندا گۆرانیبێژی کورد تەنانەت میلۆدی لە دراوسێکان وەرگرتووە، ئەوەیش شتێکی ئاساییە، هەموو میللەتانی جیهان میلودیان لە یەکتری بە قەرز وەرگرتووە، بەڵام کاتێک میلۆدیەکەیان بە زمانی کوردی گوتووەتەوە، تەنیا وشە یان زمانەکە نەگۆڕاوە، بەڵکوو شێوەی داڕشتنەوەکەش کوردانە بووە و بە تەواوی تام و چێژی ئەو میلۆدیە گۆڕدراوە، ئەوەیش تەنیا لە دەسەڵاتی نەتەوەیەک دایە کە کولتوورێکی مۆسیقایی زۆر بەهێزی هەبێت.

سورەییا کەریم زادە ئاماژەی بەوە دا: بە بڕوای من هەر فۆڕمێک لە خوێندن ئالێنگاری خۆی هەیە، بەڵام لە نێو جۆری خوێندن "بەیت" دووبارەکردنەوەی هەندێک جیاوازە و دەبێت ڕاوێژ و ڕیتمەکەی زۆر بە وردی کاری لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە لە سەرەتای مۆسیقا و هونەری کوردی بەیتمان هەبووە، بۆیە ئێمە ئەرکێکی دیکەمان بۆ زیاد بووە ئەویش ئەوەیە کە نەهێڵین ئەو گەنجینەیە بفەوتێ.

دەربارەی فۆرمی حەیران و لایەلایە، ئەو خانمە هونەرمەندە دەڵێت: فۆرمی حەیران خەریکە لەناو دەچێت، یان فۆرمێک وەک لایەلایە هی سەردەمانێکە کە ژن تەنیا کارەکەی ڕاپەڕاندنی کاروباری ماڵێک بوو و دەیتوانی کاتێکی زۆر لەگەڵ کۆرپەکەی بباتە سەر، بەڵام ئێستا ژنان بەشی هەرە زۆریان سەرقاڵی ئیش و کاری دەرەوەی ماڵن، ژنان ئێستا دکتۆر و پەرستار و مامۆستای قوتابخانە و زانکۆن، بۆیە بەخێوکردنی منداڵان بەشی هەرە زۆری دەکەوێتە ئەستۆی باخچەی منداڵان، کەواتە فۆرمێک وەک لایەلایە لە جیلی ئێستادا زۆر دەگمەن دەبینرێت، کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە شێوازی ژیانی مرۆڤی کورد گۆڕاوە، کورد ئێستا ئاژەڵدار نییە، بەڵکوو ژیانی شاری هەیە، هونەرمەند و مۆسیقاری کورد ئێستا بە تەواوی نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ ئەم فۆڕماسیۆنە نوێیە ڕێک بخات و هەر بۆیە کەوتووەتە ژێر کاریگەری میوزیکی بێگانەوە.

سورەییا کەریم زادە باس لە بەکارهێنانی میوزیکی وڵاتانی بێگانە دەکات و دەڵێت: هەر چەندە بۆ ئەو بارودۆخە، نەتەوەکانی وەکوو فارس و تورکیش خەریکن بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە میلۆدی وڵاتانی بیانی وەردەگرن و دەیهێننە ناو مۆسیقای خۆیانەوە، واتە ئەوە تەنیا کێشەی کورد نییە، بەڵکوو کێشەکە بەستراوەتەوە بە هەمووانەوە، من ئاگاداری مۆسیقای عەرەب نیم، ڕەنگە لە وانیشدا ئەو گرفتە هەبێت، بۆیە من دەڵێم هونەر گەورەترین گۆڕەپانی شەڕە و ئێمە دەبێت کارەکتەری خۆمان دیاری بکەین.

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لەوە دەکات، من کە دەمەوێت بەرهەمێکی هونەری تۆمار بکەم، سەرەتا بیر لەوە دەکەمەوە کە گوێگر ئاشنای میوزیکی کوردی بکەم، هەروەها کارێکی فۆلکلۆر و ڕەسەن پێشکەش بکەم و ئەو کێشانەی لە شێوازی خوێندنی مۆسیقای ژناندا هەیە پڕ بکەمەوە، بۆیە لێرەدا هەم تێکست گرنگە، هەم هەڵبژاردنی جۆری ئاوازەکە، چونکە دەبێت بەو بیرۆکەیە کاری زۆری تێدا بکەیت، چونکە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو بۆ داهاتووش دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سورەییا کەریم زادە، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: پرۆژەی نوێم هەیە و چەندین کارم لەبەر دەستە، ئەوانیش دووبارەکردنی بەیتێکە بە دانانی مۆسیقا، چونکە بەیت بەبێ مۆسیقا بووە لە کۆندا، کە ئەوە کارێکی زۆری دەوێت، هیوادارم بتوانم لەم ساڵدا بڵاوی بکەمەوە.

سورەییا کەریم زادە، خانمە گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقای کوردی بووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا خەریکی گۆرانیبێژی بووە و یەکەم بەرهەمیشی دووبارەکردنەوەی کارێکی ڕەسەن بوو.