لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی کۆنسێرتی میوزیک و گۆرانی بەڕێوەچوو

کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی میوزیک، کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی بەناوی "کۆنسێرتی هەنسک"، کە بە ڕابەریەتی میلان زانست و بە سەرپەرشتی ڕێباز سادق، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەڕێوەچوو.

سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، میلان زانست، میوزیکژەن و ڕابەری ئۆرکێسترای کۆنسێرتەکە، دەربارەی ئەنجامدانی ئەو کۆنسێرتە، بە کوردستان24ی گوت: "کۆنسێرتی هەنسک"، پێکهاتبوو لە میوزیک و کۆمەڵە گۆرانییەک، کە لەلایەن کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی میوزیک ڕێکخرابوو، هەروەها دوو گۆرانیبێژ لە کۆنسێرتەکە بەشدار بوون وەکوو، ژولیا شوان و سەمەد ئەیوب، کە هەموو گۆرانییەکان کە پێشکەشیان کرد کوردی بوون.

میلان زانست گوتیشی: ئەنجامدانی ئەو کۆنسێرتە وەکوو ئەزموونێکە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا کاری زۆر باش بکەن و ئەزموونی باش دروست بکەن، ئامانجیشمان ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئەو کۆنسێرتەوە گۆرانی کوردی بناسێنین بە گوێگران بە شێوەیەکی ئەکادیمی و ئۆرکێسترایی، دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە کورد خاوەنی کولتوور و میوزیکی تایبەت بە خۆیەتی، بینەران ئاشنای میوزیکی کوردی دەکەین، تا بزانن کورد چەند دەوڵەمەندە لە بواری میوزیک دا.

هەروەها "کۆنسێرتی هەنسک" لە چوارچێوەی چالاکییەکانی زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی میوزیک، لە هۆڵی قادر دیلان بەڕێوەچوو.