ئاگرەکەی كەمپی (هەرشەم یەک) لە ھەولێر کۆنتڕۆڵ کرا
شوێن بۆ ئەو خێزانانە دابینكرا كە ماڵەكانیان سوتاوە
K24 – ھەولێر
درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە كەمپی (هەرشەم یەک)ی سنووری ھەولێر كەوتەوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر ئاشكرای دەكات ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و شوێنیش بۆ ئەو كەسانە دابینكراوە كە ماڵەكانیان سوتاون.
رائید سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای رووداوەكە چوار تیمی بەرگری شارستانی بەخێرایی گەیشتنە شوێنی رووداو توانرا ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کەم کۆنترۆڵ بکەن و نەهێڵن ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنە بکات".
گوتیشی: "لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئەو ئاگرە تەنها سێ کەرەڤان سووتاون و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. هەر لەهەمانکاتدا لەلایەن پارێزگای هەولێر و بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی شوێن دابین کرا، بۆ ئەو خێزانانەی ماڵیان سووتاوە".