هەولێر.. کورتەفیلمی "خەیاڵی خەونەکان" بەرهەمهێنرا

لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا، بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، کورتەفیلمی "خەیاڵی خەونەکان"، کە لەلایەن ڕەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، بەرهەمهێنرا.

چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، دانا محەممەد، بەرهەمهێنەری کورتەفیلمەکە، دەربارەی بەرهەمهێنانی ئەو کارە نوێیە، بە کوردستان24ی گوت: کورتەفیلمی "خەیاڵی خەونەکان"، بەرهەمهێنەری کارەکە لەلایەن من جێبەجێکراوە و ڕەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، نوور عومەر یاریدەدەری دەرهێنەرە و کاری دەنگ لەلایەن دیار نەوزاد کراوە، هەریەکە لە مامۆستا ئیدریس و ڕەیان شۆڕش و ئازا، ڕۆڵی سەرەکی لەو کورتەفیلمە دەگێڕن.

دانا محەممەد گوتیشی: چیرۆکی کورتەفیلمەکە، باس لە کچێکی گەنجی دەنگخۆش دەکات کە خەونی ئەوەیە ببێتە گۆرانیبێژێکی ناسراو و هەوادارێکی زۆری هەبێت، بەڵام بە هۆی ڕێگری و قسەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دژیت، ڕێگری لە بەردەم دروست دەبێت و ناتوانیت بگات بە خەونەکەی و هیواکانی ون دەبن، ناچار واز لە خەونەکەی دەهێنێت و دەبێتە قوربانی کۆمەڵگە.

هەروەها، کورتەفیلمی "خەیاڵی خەونەکان" کە ڕەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بڕیارە لە مانگی نیساندا، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر نمایش بکرێت.