بارانی زۆر گەنمی دەشتی بیتوێن و راپەڕینی زەرد کردووە

بەهۆی زۆری باران بارینی ئەمساڵ، گەنمی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئیدارەی راپەڕین زەرد هەڵگەڕاون و گەشەیان لاواز بووە.

جووتیارێکی دەڤەری مەرگە بۆ چارەسەری گرفتی زەردبوونی گەنمەکەی، پەینی کیمیایی پێوەردەکات و دەڵێت: گەنمەکانمان زەرد و لاواز بوون، چونکە باران زۆر باریوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕینیش دەڵێت: گەنمەکان زەرد بوون، بەڵام تا ئێستا زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر شەپۆلی باران بارین بێ پسانەوە بەردەوام بێت، بێگومان زیانیان پێدەگات.

لە بەشێکی ئەو زەوییانەی بە گەنم داچێنراون، ئاو چۆڕاوگەی بەستووە. باران بارینی زۆر، رەگی گەنمی لاواز کردووە و قەد و گەڵاکەی زەرد بووە، ئەمەش گەشەی گەنمەکەی سست کردووە.

ئەو گرفتە بۆ گەنمی جووتیاران لە ئیدارەی راپەڕین لەو ساڵانەدا دروست دەبێت کە باران زۆر ببارێت. وشیار عەبدولرەحمان جووتیارێکی دەڤەرەکەیە وەک چارەسەرێک بۆ رزگاربوون لە گرفتی وەستانی گەشەی دەغڵودانەکەی، پەینی پێوەدەکات؛ پەینەکە ئاوی زیادەی ناو زەوییەکە هەڵدەمژێت و وشکی دەکاتەوە.

وشیار  عەبدولرەحمان بە کوردستان24ی راگەیاند: پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت " ساڵی تەڕە بیتوێن لەڕە، ساڵی وشکە بیتوێن سەرپشکە"، مەبەست لەو پەندە ئەوەیە کە ئەگەر ساڵێک پڕ باران بوو، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی بیتوێن کە بە گشتی تا دەگاتە ئەم ناوچەیەش تەختە، تەنانەت لە هەندێک شوێن بنئاو دەکەوێت و وای لێدەکات گەنمەکە زەرد هەڵگەڕێت، ئەمساڵیش ئەگەر هەروا باران بەردەوام بێت، بەرهەممان باش نابێت.

زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئیدارەی راپەڕین، رووبەرێکی زۆریان تەخت و ئاوگرن، لەگەڵ باران بارینی زۆر هەڵناکەن و لە ساڵی ئاسایی باران باریندا باشتر گەشە دەکەن و بڕشتیان باشترە.

خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: لە هەندێک شوێن کە زەوییەکەی تەختە ئاوی تێدا کۆبووەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی زەردبوون، بەڵام تا ئێستا دەتوانین بڵێین زیانی نییە، چونکە بە شێوەیەکی گشتی هەموو دارودرەخت و بەرهەمە دانەوێڵەکان لە باری متبوونن و لە گەشە وەستاون، بۆیە لەو قۆناخەدا زۆر زیانیان پێناگات، بەڵام لە مانگی 3 بەدواوە ئەگەر باران بارین بەردەوام بێت و تیشکی خۆر دەرنەکەوێت، بێگومان زیانی پێدەگات و ئەو کاتە دەبێت جووتیاران پەنا ببەنە بەر پەین.

لە ئیدارەی راپەڕین ئەمساڵ ئاستی باران بارین لە نێوان 650 بۆ 850 ملیمە، پارساڵ تاوەکو ئەم کاتە، باران 4 ئەوەندە کەمتر باریبوو. باران، کانی و کانیاو و کارێز و سەرچاوە ئاوییەکانی ژیاندووەتەوە و ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز کردووەتەوە، بەڵام بۆ گەنمی زەوییە تەخت و ئاوگرەکانی دەشتی بیتوێن و دەڤەری مەرگە و بنگرد، ئەو بارانە زۆرە بێ زیان نەبووە.