21ـی شوبات.. رۆژی جیهانیی زمانی دایک
21ـی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایک، یادکردنەوەی ئەو زمانانەیە کە ناسنامەی گەلان پێکدەهێنن. ئەم رۆژە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و ململانێی سیاسی و فەرهەنگی لەپشتە کە جیهان بۆ پاراستنی هەمەجۆریی زمانەکان بەسەریدا دەمێنێتەوە.
مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952، کاتێک بەنگلادیشی ئێستا کە بەشێک بوو لە پاکستان، لە ململانێدا بوو بۆ ناساندنی زمانی "بەنگالی" وەک زمانێکی فەرمی. دوای ئەوەی حکوومەتی پاکستان تەنیا زمانی ئوردوی وەک زمانی فەرمی ناساند، بەنگالییەکان راپەڕین. لە 21ـی شوباتی 1952، پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم خوێنە بووە هەوێنی بزووتنەوەیەکی سیاسی و فەرهەنگی کە سەرەنجام لە ساڵی 1971سەربەخۆیی بەنگلادیشی لێکەوتەوە. لە ساڵی 1999دا، لەسەر داوای حکوومەتی بەنگلادیش، یۆنسکۆ ئەم رۆژەی وەک "رۆژی جیهانیی زمانی دایک" ناساند.
بۆ کورد، زمانی دایک تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو سەنگەرێکی بەرگرییە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە سیاسەتی یەک دەوڵەت و یەک زمان باڵادەست بوو، کورد رووبەڕووی شاڵاوی تواندنەوە (تەعریب، تەتریس، تەفریس) بووەوە.
لە پاڵ خەباتی چەکداری و سیاسی، خەباتێکی ئەکادیمی و فەرهەنگیی گەورە هەبووە بۆ پاراستنی زمان. زانایانی وەک "ئەمیر حەسەنپوور" رۆڵێکی کاریگەریان گێڕا لە ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا. حەسەنپوور لە رێگەی لێکۆڵینەوەکانیەوە، بەتایبەت لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵناسیی زمان، هەوڵیدا بایەخ و مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و زارەکانی بۆ جیهان روون بکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی نەوەکانی داهاتووی کورد بێبەش نەبن لە مافی خوێندن و ئاخافتن بە زمانی دایک.
لە پرسی زماندا، دەور و پێگەی ئافرەت وەک "دایک" هەمیشە جێگەی باس بووە. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە جیاکاری لە نێوان رۆڵی "بایۆلۆژیی دایکایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی ئافرەت " بکرێت.
نەزەند بەگیخانی، لە لێکۆڵینەوەکانیدا باس لەوە دەکات، شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان (ئەنفال، کیمیاباران، شەڕی داعش) کاریگەریی قووڵیان لەسەر دەروونی ژنی کورد و خێزانی کوردی دروست کردووە. ئەم کارەساتانە وایانکردووە دایکی کورد لە زۆر قۆناخدا بێدەنگی هەڵبژێرێت یان زمانەکەی ببێتە زمانێکی تاڵ و دەردەدار. ئەم نائارامییە مەجالی ئەوەی نەداوە ئافرەت وەک مرۆڤێکی ئازاد و دوور لە گوشارەکان، پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆی و زمانەکەی بکاتەوە.
هەرچەندە خێزان و دایک بنەمای یەکەمی فێربوونی زمانن، بەڵام بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە سەردەمی نوێدا، تەنیا ئەرکی دایک نییە. پسپۆڕان جەخت لەسەر گرنگیی دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکەنەوە.
دایەنگەکان و باخچەکانی منداڵان وەک قۆناغێکی هەستیار دەتوانن کاریگەریی ئەرێنییان هەبێت لە پێگەیاندنی نەوەیەک بە کوردییەکی پاراو و زانستی گۆش بکرێن. رۆڵی ژنان لەم ناوەندە پەروەردەییانەدا دەبێتە درێژەپێدەری ئەو ئەرکە مێژووییەی کە لە ماڵەوە دەستی پێکردووە، بەڵام بە شێوازێکی سەردەمیانە و سیستماتیک.
ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە21ـی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا. ئەم رۆژە یەکەمجار لە 17ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1999وە لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی 2008 ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو رۆژە پیشان دا و ساڵی 2008یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.