زانایان: مانگ لە بچووکبوونەوە بەردەوامە

توێژینەوەیەکی نوێی زانایانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە مانگ بە شێوەیەکی بەردەوام لە بچووکبوونەوەدایە و زیاتر لە هەزار درزی نوێ لەسەر رووەکەی دروست بوون، ئەمەش هۆشداری دەدات لە روودانی بوومەلەرزەی بەهێز کە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر گەشتە ئاسمانییەکانی داهاتوو و پێویستە لە پلانی نیشتنەوەی کەشتییەکاندا رەچاو بکرێت.

زانایانی سەنتەری توێژینەوەکانی زەوی و هەسارەکان لە مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ فڕین و بۆشایی ئاسمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە توێژینەوەیەکی نوێدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە مانگ بەردەوامە لە گۆڕینی شێوەی رووەکەی و بچووکبوونەوەی قەبارەکەی.

بەپێی توێژینەوەکە، دۆزینەوەی زیاتر لە هەزار درزی نوێ لەسەر رووی مانگ ئەوە دەگەیەنێت کە ئەرکە ئاسمانییەکانی داهاتوو رووبەڕووی مەترسیی بوومەلەرزەی بەهێز دەبنەوە. ئەمەش وا دەکات ئاژانسە ئاسمانییەکان، بەتایبەت "ناسا"، پێداچوونەوە بە پلانەکانیاندا بکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی نیشتنەوەی کەشتییەکان و جێگیرکردنی ئامێرەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کەشتیوانان.

کۆڵ نایبافەر، گەورە توێژەری ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشتەکانی داهاتوو بۆ سەر مانگ زۆر گرنگ دەبن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری وردتر لەسەر چالاکییە بوومەلەرزەکان، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی ئەرکە زانستییەکان دەبێت.

هەرچەندە زانایان لە ساڵی 2010ەوە دەزانن کە مانگ بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، بەڵام ئەم توێژینەوەیە نیشانەی نوێی دۆزیوەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئەم پرۆسەیە هێشتا بەردەوامە.

چاوەڕوان دەکرێت ئاژانسی "ناسا" کە پلانی هەیە لە ساڵی 2028 دووبارە مرۆڤ بنێرێتەوە سەر مانگ، رێکاری توندتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کەشتیوانان و ئامێرە گرانبەهاکانی لەو چالاکییە زەویناسییانەی کە لە ناخی مانگدا روو دەدەن.