حکوومەتی سووریا داخستنی کەمپی هۆلی راگەیاند

کەمپی هۆل کە بە "بۆمبێکی تەوقیتکراو" وەسف دەکرا، بە فەرمی داخرا و دانیشتووانەکەی بەشێکیان گواسترانەوە و بەشێکی زۆریشیان هەڵاتن.

حکوومەتی سووریا چۆڵکردن و داخستنی هەمیشەیی کەمپی هۆلی راگەیاند، کە تایبەت بوو بە حەواندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات پاشماوەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ کەمپەکانی گوندی حەلەب لە باکووری سووریا گواسترانەوە.

سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەناو کەمپەکەدا کار دەکات، بە میدیا عراقییەکانی راگەیاند: "لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هاتنی چەکدارانی هۆزەکان و هێزەکانی حکوومەت، نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپەکە هەڵاتوون."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، بەشە تایبەتەکەی خێزانە بیانییەکان لە دوو رۆژی یەکەمی کشانەوەی هەسەدەدا، شاهیدی کۆچێکی بەکۆمەڵ بووە. زۆربەی خێزانەکان بە هاوکاریی هەندێک لەو سوورییانەی چوونەتە ناو کەمپەکە، بەرەو ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب هەڵاتوون، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان لە رێگەی قاچاخەوە پەڕیونەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و لوبنان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆرینەی ئەو خێزانە عێراقییانەی کەمپەکەیان بەجێهێشتووە، لەڕێگەی رێڕەوی قاچاخەوە گەڕاونەتەوە عێراق. هەندێکی دیکەشیان هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتیانی سووری کردووە، لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا نیشتەجێ بوون. هاوکات، حکوومەتی سووریا ئەو خێزانە عێراقییانەی ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بۆ کەمپی "ئەک بورهان" لە گوندەکانی حەلەب گواستووەتەوە.

یەکەی پشتیوانی سەقامگیری: ئەم ڕێکخراوە ناحکوومییە لە سووریا، رۆژی شەممە رۆیشتنی دوایین کاروانی لە کەمپەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتیوانی UNHCR کارەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان ئەنجام داوە. هەروەها لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی 2026، رێکخراوی UNHCR گەڕانەوەی 191 هاووڵاتی عێراقی لە کەمپەکەوە بۆ وڵاتەکەیان پشتڕاست کردەوە.

کەمپی هۆل کە پێشتر نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بوو (پێکهاتووە لە 7 هەزار عێراقی، 15 هەزار سووری و شەش هەزار و 300 ئافرەت و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاواز)، هەمیشە وەک مەترسییەکی ئەمنیی گەورە سەیر دەکرا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چەندین جار داوایان لە وڵاتان کردبوو هاووڵاتیانی خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام بەهۆی ترسی ئەمنیی و سیاسییەوە زۆربەی وڵاتان خۆیان لەم بەرپرسیارێتییە دەپاراست، ئەمەش کەمپەکەی کردبووە بۆمبێکی کاتی کە دواجار بەم شێوەیە کۆتایی بە کارەکانی هات.