لە هێرشێکی داعشدا بۆ سەر بازگەیەکی رەققە چوار کارمەندی ئەمنیی سووریا کوژران
میدیای فەرمیی سووریا بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بازگەی سەباحییە لە شاری رەققە، چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کوژران.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لەلایەن شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعشەوە ئەنجام دراوە. وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، هێرشە تیرۆریستییەکە بازگەکەی کردووەتە ئامانج و لە وەڵامدانەوەدا یەکێک لە چەکدارەکان کوژراوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شاری رەققە بەم دواییانە کەوتووەتەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق، دوای ئەوەی لە دەست هێزە کوردییەکان وەرگیرایەوە.
پێشهاتە ئەمنییەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی مەترسیداری جموجۆڵەکانی داعش لە گوندەوارەکانی رەققە و دێرەزوور، کە تێیدا هێرشەکان بۆ سەر خاڵە ئەمنی و سەربازییەکان چڕ بوونەتەوە. چاودێران هۆشداری دەدەن کە ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی گرژیی ئەمنی دەچێت و هەڕەشە لەو سەقامگیرییە شلۆقە دەکات کە لە ئارادایە.
شایانی باسە رۆژی شەممەی رابردوو، گوتەبێژی داعش لە یەکەم پەیامی دەنگیدا دوای دوو ساڵ بێدەنگی، داوای لە چەکدارەکانی کردبوو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا.