ئوسامە مستەفا رۆمانی "خاکی سەمەر"ـی بڵاو کردەوە
ئوسامە مستەفا، نووسەر و رۆماننووس، نوێترین رۆمانی خۆی بەناوی "خاکی سەمەر" کە لەلایەن ناوەندی ماڵی وەفایی چاپکراوە بڵاوکردەوە.
دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، ئوسامە مستەفا، نووسەر و رۆماننووس، دەربارەی بڵاوکردنەوەی رۆمانە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی گوت، رۆمانی "خاکی سەمەر"، لە نێو کۆڵانەکانی خاکێکی بێنازەوە سەرچاوەی گرتووە، رۆمانەکە پەنجە بۆ هەموو برینە کوڵاوەکانی خاکێک درێژ دەکات کە سەردەمێک گیرۆدەی کۆمەڵە رووداوێکی سیاسی بووە و رووداوەکانی رۆمانەکە گێڕانەوەی ئازار و مەینەتی خەڵکێکی ئاوارەن لە نیشتیماندا، خەڵکێک مەرگی جۆراوجۆر لەگەردەنیان ئاڵاوە، هەر لەسەیری مردن راهاتوون، ژیان بەوان نامۆیە.
ئوسامە مستەفا گوتیشی: تێکەڵکێشکردنی هونەری گێڕانەوە بە رووداوە سیاسی و مێژووییەکان رۆمانەکەی بە پێز کردووە، خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە پەی بە کۆمەڵە شتێک دەبات کە دەکرێ رووداوی سەرنجڕاکێش و کاریگەر بن بۆی.
دەربارەی گرنگی ناوەڕۆکی رۆمانەکە، ئەو نووسەرە دەڵێت، رۆمانەکە بابەتگەلێکی مێژوویی و سیاسی دەورووژێنێت کە دەکرێ هەر تاکێک لە ئێمە رووبەڕووی ئەو رووداوانەوە ببێتەوە، لەنێو سنورێک کۆمەڵێکی بێگانە بە خاکەکە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، جگە لە بەهیلاکبردنی خەڵکی ناوچەکە کارێکی تریان لە کوشتن و بڕین و ئازاردانی خاک زیاتر لەدەست نەدەهات.
ئوسامە مستەفا باس لە گێڕانەوەی رووداوەکانی ناو رۆمانەکە دەکات و دەڵێت: گێڕانەوەی رووداوەکان بەشێوەی زنجیرەیی و یەک بەدوای یەکن، لەبارەی زمانەوە بە زمانێکی سادە و بێ گرێ و گۆڵ نوسراوە، بە شێوەیەک نووسراوە کە هەرگیز خوێنەر ماندوو ناکات.
ئوسامە مستەفا، نووسەر و رۆماننووس، خەڵکی شاری هەولێرە، بەشی زمانی کوردی لە پەروەردەی کۆیە تەواو کردووە، لەبواری ئەدەب و رۆماندا خاوەنی چەندین نووسین و بڵاوکراوەیە.