ئەکسیۆس: ئیدارەی ترەمپ مەرجی رێککەوتنی هەمیشەیی دەخاتە بەردەم ئێران

پیگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردووەتەوە، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا رایگەیاندووە کە ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران لە داهاتوودا واژۆ بکرێت، دەبێت بۆ ماوەیەکی نادیار و بەبێ هیچ بەروارێکی بەسەرچوون کاری پێ بکرێت.

چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردووەتەوە،ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەخشەرانی رێکخراوی (ئایپاک) ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە کەموکوڕییە گەورەکانی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی سەردەمی ئۆباما، بوونی بەرواری بەسەرچوون بوو بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.

گوتیشی: ئێمە بەو بنەمایە دەست بە گفتوگۆ دەکەین کە هیچ بەروارێکی بەسەرچوون لە ئارادا نییە؛ چ رێککەوتن بکرێت یان نا، پەیامی ئێمە بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە: دەبێت بۆ تەواوی ژیانتان رەفتارتان باش بێت.

نێردەکەی ترەمپ ئاشکرای کردووە، ئێستا گفتوگۆکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمین، بەتایبەت پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆگاکانی ئێران، بەڵام جەختی کردووەتەوە، ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی کرا، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان دەست پێ بکات کە تایبەت دەبێت بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا. هەروەها ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بەشداری ئەو گفتوگۆیانە بن.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ستیڤ ویتکۆف و جێرید کۆشنەر راوێژکار و نێردەکانی ترەمپ لە جنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە وەک دواهەمین دەرفەت بۆ دیپلۆماسی وەسف دەکرێت. عێراقچی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە کە ئامانجی ئەو لەم کۆبوونەوەیە رێگریکردنە لە جەنگ و ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی باشتر کە گەرەنتی ئاشتییانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات بۆ هەمیشە.

سەرباری جەختکردنەوەی ترەمپ لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ناکرێت رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەرۆک هەوڵ دەدات بە دیپلۆماسی ئەمە چارەسەر بکات، بەڵام ئامرازی تریشی لەبەردەستە و سڵی لێ ناکاتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی جنێڤ دیاری دەکات کە ئایا ترەمپ بەردەوام دەبێت لە دیپلۆماسی یان فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەکات.