داوا لە پەرلەمان دەکرێت پرسی سەرۆککۆمار بەخێرایی یەکلایی بکاتەوە
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی تێدەپەڕێت، تاوەکوو ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوادەکەین پەرلەمان ئەم بابەتە بە خێرایی یەکلایی بکاتەوە.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، نزیکەی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی تێدەپەڕێت، بەڵام دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو وادەیەیە کە لەدەستوور دیاریکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار خێراتر بکات، ئەمەش پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە بێبایەخکردنی وادەی دەستووری و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەرکە بنەڕەتییەکان و راگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی، چونکە ئەم پرسە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، داوا لە هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەین، بەر لە کۆبوونەوەی دانیشتنەکە، کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار یەکلایی بکەنەوە، ئەمەش رێگەمان پێدەدات بەرەو پێشەوە بچین لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە دەستوریانەی کە ماونەتەوە، لە پێش هەموویان پێکهێنانی حکوومەتێکی تەواو دەسەڵاتدار، بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و دامەزراوەیی هەبێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، بەردەوام بوونی حکوومەتێکی کاربەرێکەر مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر گەلەکەمان و بۆ سەر کارکردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی، ئەگەر ئەم ئیفلیجییە بەردەوام بێت، ئێمە وەک کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پەنا دەبەینە بەر هەموو ئامراز و رێکارە دەستورییە بەردەستەکان بۆ دڵنیابوون لە کۆتاییهێنان بە بنبەست و پابەندبوون بە رێڕەوی دەستووری دروست.