وەزارەتی پلاندانان: یەک لەسەر چواری خەڵکی عێراق کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری

"چەندین رێوشوێنمان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی هەژاری"

دیمەنێکی گەڕەکی ئەبو جەعفەر مەنسووریی بەغدا لەم ساڵ. گەڕەکەکە ماوەی 17 ساڵە لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک بێبەشە، وێنە: سۆران کامەران، کوردستان24 
دیمەنێکی گەڕەکی ئەبو جەعفەر مەنسووریی بەغدا لەم ساڵ. گەڕەکەکە ماوەی 17 ساڵە لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک بێبەشە، وێنە: سۆران کامەران، کوردستان24 

K24 - هەولێر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند بەهۆی ئەو رەوشەی هاتووەتە بەردەم عێراق، نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانی عێراق کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، بەڵام پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هەژاران.

عەبدولزەهرە ئەلهینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە ئاژانسی فەرمیی عێراق (واع)ـی راگەیاند "لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتبووە 20٪، بەڵام کاتێک پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لە قەیرانی دارایی روویان لە عێراق کرد بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای نەوت، رێژەی هەژاری زۆر زیادی کرد".

بەهۆی ئەوەی لەدوای تەممووزی 2020 بەهای نەوت تەنیا بەڕێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسی دیکە زیاد بووە.

عەبدولزەهرە ئەلهەنداوی جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێستا، 9 ملیۆن و 600 هەزار کەس، واتا 24.8٪ ـی خەڵکی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدان، ئەم داتایە پێمان دەڵێت ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە 40 ملیۆن کەس مەزەندە بکەین، نزیکەی یەک لەسەر چواریان لەژێر هێڵی هەژاریدان".

وەزارەتی پلاندانان بەگوتەی گوتەبێژەکەی چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، کە بەشێکیان لەمساڵدا جیبەجێدەکرێن لەوانە "لە پرۆژەبودجەی 2021 دەرماڵەی تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەبڕی دوو تریلیۆن دینار زیادکراوە، بە ئامانجی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بگرێتەوە و یارمەتییان بدرێت".

یەکێکی دیکە لە پلانەکانی وەزارەتەکە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری لە عێراق "تیشکخستنەسەر کەرتی کشتووکاڵە و سوودبینینە لە گەنجان بەتایبەتی ئەوانەی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ دەرچوون، ئەمەش لەڕێگەی پێدانی قەرز بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتووکاڵ".

بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری بەمشێوەیە لە عێراق، لەکاتێکدایە داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، کە لە ساڵی 2020ـدا رۆژانە 3.5 بەرمیل نەوتی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە کردووە، بە نرخی 40 بۆ 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

Fly Erbil Advertisment