نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 53 دۆلار
لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ، بەڕێژەی 2.32٪ بەرزبووەوە
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ و بە پاڵپشتی لاوازیی بەهای دۆلار، هەروەها پێش کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 2.32 بەرزبووەوە، بەمەش نرخی هەر بەرمیلێکی گەیشتە 53 دۆلار، نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی سەدا 2.10 بۆ 49 دۆلار و 54 سەنت بەرزبووەوە.
سەرەڕای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و گرتنبەری رێوشوێنە سەختەکان، بەڵام خواستی چین بۆ نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە، بەجۆرێک ئەو سەرمایە سەختە و کەمبوونەوەی سووتەمەنی پێویست، وایکردووە کۆمپانیاکان بە خێرایی روو لە بەکارهێنانی مووەلیدەی گازوایل بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاندووە، چەندین وڵات و سعودیە بە تایبەتی بە هۆشدارییەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی شوبات دەڕوانن، بە جۆرێک رووسیا رایگەیاندووە، ئەگەری هەیە ئۆپێك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل دیکە نەوت کەمبکاتەوە.
هـ.ر.