عەسائیب ئەهلولحەق کوژرانی چوار ئەندامی لە دیالە راگەیاند
بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق، گیانلەدەستدانی 4 چەکداریان لە پارێزگای دیالە راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو کەسانە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکی و ئیسرائیلی شەهید بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ چوار لە ئەندامانیان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق" لە پارێزگای دیالە، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە گیانیان لەدەستداوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ناوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە:
1- محەممەد مشتاق عەباس ئەلموسەوی.
2- بەشار عەدنان قاسم محەممەد ئەلموسەوی.
3- موراد عەبدولکەریم حەیاوی ئەلعوگێلی.
4- حەیدەر خالید عەدنان ئەلرەحیمی.
دەستەی حەشدی شەعبیش لە لایەن خۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو 4 ئەندامەی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو کەسانە لە کاتی "ئەنجامدانی ئەرکی پیرۆزدا" کراونەتە ئامانج.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهۆی رووداوە سیاسییەکانی چەند رۆژی رابردوو و کوژرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، چووەتە قۆناخێکی نوێوە.