رووتە : لەناوبردنی تواناکانی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران ئاسایشی هەمووان بەهێز دەکات
ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا"ـی دژی ئێران دەکات و هاوکاریی لۆجستی پێشکەش دەکات.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، مارک رووتە ، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا دژی ئێران بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسای دەربڕی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت.
لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا رووتە ترەمپی بە فەرماندەی باڵا و رێبەری جیهانی ئازاد وەسف کرد و جەختی لە پێزانینی خۆی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە کردەوە.
ئەمینداری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کوشتنی رێبەری ئێران عەلی خامنەیی و لەناوبردنی تواناکانی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکیی بالیستیکی ئێران کارێکی یەکلاکەرەوەیە" گوتیشی،" ئەم هەنگاوە ئاسایش بۆ هەمووان بەهێز دەکات".
رووتە رایگەیاند، لە پشووی کۆتایی هەفتەدا پەیوەندی بە هەموو سەرکردە سەرەکییەکانی ئەوروپا کردووە، جەختی کردەوە کە پاڵپشتییەکی بەرفراوان بۆ جووڵە سەربازییەکەی ئەمریکا هەیە.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە، وڵاتانی ئەوروپی بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری دەکەن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجستی و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا سەرکردە دیارەکانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و شوێنەکانی مووشەکی بالیستیکی کردووەتە ئامانج.
رووتە ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە و رەنگە چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک بخایەنێت.