سوپای ئیسرائیل: بە لێدانێکی بەهێز کۆتایی بە حزبوڵڵا دەهێنین

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حزبوڵڵا بە لێدانێکی بەهێز دەبێت و حزبوڵڵا باجێکی قورس دەدات.

دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، گوتی: "حزبوڵڵا تەقەی بەرەو ئیسرائیل کردووە و باجەکەی دەزانێت، ئێمە بە لێدانێکی بەهێز کۆتایی بە شەڕەکەمان لەگەڵ حزبوڵڵا دەهێنین و باجێکی قورس دەدات، لەم کاتانەدا بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە لوبنان و هەموو بژاردەکان سەبارەت بە هێرشی وشکانی بۆ سەر لوبنان لەسەر مێزن."

گوتیشی: "حوسێن موقەلید، بەرپرسی هەواڵگریی حزبوڵڵامان کوشتووە، 10 دامەزراوەی سەر بە هەواڵگریی ئێرانمان بۆردومان کردووە، 250 گولە تۆپ و موشەکمان ئاراستەی ئامانجەکانی سەر بە رژێمی ئێران لە ناو جەرگەی تاران کردووە و دەیان سەکۆی هەڵدانی موشەکی ئێرانیمان تێکشکاندووە."

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا 52 کەس کوژراون و 154 کەسی دیکەش بریندار بوون بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە.

پێشتر لە هەمان رۆژدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە دواین هێرشەکانیدا 70 پێگەی حزبوڵڵای لە لوبنان بۆردومان کردووە، هەروەها کوشتنی سەرۆکی هەواڵگریی حزبوڵڵای لە بەیروت پشتراستکردەوە.

میدیا عیبرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، محەمەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان، لە هێرشەکاندا کوژراوە.

هاوکات حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتی نەواف سەلام، ئەمڕۆ چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵای قەدەغە کرد و بە کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەسف کرد.

حزبوڵڵای لوبنانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، بە موشەکی جۆراوجۆر و پۆلێک درۆن، پێگەی میشمار هاکارمیلی تایبەت بە بەرگریی موشەکیی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری شاری حەیفا کردووەتە ئامانج، هەروەها چەندین موشەکی دیکەی لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێشتووە.

لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دەیان ئامانج لە بەیروت و باشووری لوبنان، کە سەرکردەکانی حزب و بارەگاکانی ئۆپەراسیۆن و ژێرخانی سەربازییان تێدابوو، جگە لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی هێزی رەزوان لە ناوچەی کەفر دەجال کە دوو چەکداری تێدابوو.