زانیاری لەبارەی گرێبەستە نەوتییە دوو ملیار دۆلارییەکەی عێراق
K24 - هەولێر
عێراق پشتڕاستی کردەوە کۆمپانیایەکی چینی هەڵبژاردووە بۆ گرێبەستە پێشوەختە دوو ملیار دۆلارییەکەی.
ئاژانسی فەرمیی عێراق لەسەر زاری عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند سۆمۆ، ئەو کۆمپانیا چینییەی لەنێوان چەند کۆمپانیایەکی دیکە هەڵبژاردووە بۆ گرێبەستی پێشوەختە بە بڕی دوو ملیار دۆلار.
هەرچەندە ئاژانسەکە ناوی ئەو کۆمپانیایەی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها روونکردنەوەی نەداوە لەوەی ئایا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کردووە یان نا، بەڵام بلومبێرگ مانگی رابردوو رایگەیاندبوو کۆمپانیاکە چینییە و ناوی ژین هوا ئۆیەڵە.
ئەلیاسری گوتوویەتی "بەربەرەکانێیەکی تووند لەنێوان کۆمپانیا ئەوروپی و چینییەکان هەبوو لەسەر ئەو گرێبەستە و چینییەکە بردییەوە".
لەکاتێکدا نەوت وەکو دەستەبەرێکی کاریگەر بۆ وەرگرتنی قەرز دادەنرێت، ئەمە یەکەمجارە بەغدا پەنادەباتە بەر گرێبەستی پێشوەختە، لەهەمان کاتدا ئەم گرێبەستەش دەبێتە دوایین نموونە کە تێیدا چین قەرز بداتە بەرهەمهێنەرانی نەوت لەڕێگەی بانک و ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی دەوڵەت خاوەندارییان دەکات.
سۆمۆ، پێشنیازی کردووە تاوەکو پێنج ساڵ، رۆژانە نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوت بدات، بەپێی ئەو نامەیەی بۆ بازرگانانی ناردبوو لە مانگی نۆڤەمبەردا، بۆ ئەوەی پارەی یەک ساڵ پێشوەختە بدەن، کە بە بەهای ئێستای بەپێی لێکدانەوەکانی بلومبێرگ، دەکاتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار، لەبەرامبەریشدا براوەی گرێبەستەکە دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ بە ویستی خۆی نەوتەکە هەناردە بکات.
ئەلیاسیری گوتوویەتی، کابینەی حکومەت بەو میکانیزمە رازییە.
لەکاتێکدا هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە مانگ مارسی رابردووەوە تووشی زیانیکی مەزن بوون، عێراق یەکێکە لە زەرەرمەندترینیان، بەهۆی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان و بەتایبەتیش لەسەر سێکتەری نەوت.
عێراقی دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپێک، لە کۆتایی مانگی رابردوو بەهای دیناری بەڕێژەی نزیکەی 20٪ دابەزاند، کە یەکەمجارە لەدوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی 2003، کاری هاوشێوە دەکات، بەو هۆیەوەش دەتوانێت بەشێکی کورتهێنانی بودجەکەی پڕبکاتەوە.
ئەو گرێبەستە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی هاوشێوەی لەم سەردەمەدا و کۆمپانیای براوە دەتوانێت بە ویستی خۆی نەوتەکەی هەناردە بکات.
یاسری هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی "عێراق دوو ملیار دۆلاری بەبێ سوو دەستکەوت، لەبەرامبەردا ئازادیی بە کۆمپانیاکان دابوو ئەو رۆژەی خۆیان دەیانەوێت، نەوتەکە هەناردە بکەن بۆ ئەو شوێنانەی دەیانەوێت" بۆ ماوەی یەک ساڵ کاتێک گرێبەستەکە واژۆدەکەن.