ئاژانسی فارس: هەڵبژاردنی رێبەری باڵای نوێ گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی
پرۆسەی دەستنیشانکردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، لە ژێر رێوشوێنی ئەمنیی تونددا کارەکانیان ئەنجام دەدەن، چاوەڕوانیش دەکرێت لە نزیکترین کاتدا ئەنجامەکەی رابگەیەنن.
سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانی، بڵاوی کردەوە، کە رێکارەکانی هەڵبژاردنی رێبەری باڵای ئیسلامی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و ئەگەری هەیە بەمزووانە ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە: "قۆناغەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ بەڕێوە دەچن و ئەنجوەمەنی شارەزایانی رێبەریی، بە شێوەیەکی رێکخراو و لە کەشێکی پارێزراودا گفتوگۆکانیان درێژە پێ دەدەن."
سەبارەت بە شوێنی کۆبوونەوەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر شاری قوم، هیچ کۆبوونەوەیەک لەو باڵەخانەیەی کە کرایە ئامانج ئەنجام نەدراوە.
روونیشی کردووەتەوە کە "لەسەر بنەمای رەچاوکردنی رێوشوێنی ئەمنی و پاراستنی گیانی ئەندامان، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی شارەزایان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران و چەندین سەرکردەیەکی دیکە. گیانیان لە دەست دا.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.